بەغدا و هەولێر بۆ ڕێککەوتنی کابینەی نوێ لە گفتوگۆی بەردەوامدان
عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕایگەیاند: "ئێستا ھاتوچۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدادا ھەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراقەوە، بە تایبەتی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی ئەوە دەكەینەوە كە بەشداریمان لە كابینەی حكوومەتدا، پەیوەستە بەو پرەنسپە سەرەكییانەی كورد لە حكوومەتی داھاتووی عێراقدا، ئەوانیش شەراكەتی ڕاستەقینە و ڕێككەوتن و ھاوسەنگین، ئەوەیش ڕاستە داواكاریی پارتییە، بەڵام ئەمە بۆ ھەموو ھەرێمی كوردستان و عێراقیشە، چونكە حكوومەتێك لەسەر ئەو سێ بنەمایە بینا بكرێت، تا ڕادەیەكی زۆر كێشەكانی ئەمڕۆی عێراق چارە دەكات".
دکتۆر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بێگومان پارتی وەک ھێزی یەکەمی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێگە و ڕۆڵی خۆی لە نێو پڕۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا هەیە و، چەند ڕۆژی داھاتووش ڕوون دەبێتەوە ھەوڵەکان چ ئەنجامێکیان دەبێت."
دەربارەی سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی، ڕوشدی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەردەوام شاندی پارتی سەردانی بەغدا دەكات، ڕۆژانی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی یاوەری سەردانی بەغدایان كرد، تا دەگەین بە ڕێككەوتنی كۆتایی، ھاتوچۆ و سەردانی شاندەكان لە لایەن ئێمە و بەغداشەوە بەردەوام دەبن".
لەبارەی ئەو پۆستانەی بەر پارتی دەکەون لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا دکتۆر ڤیان سەبری ڕوونی کردەوە: "ژمارەیەک وەزارەت بە کورد دەدرێن، لەوانەش پشکی شێر بەر پارتی دەکەوێت، چونکە لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوودا پارتی زۆرترین دەنگی بەدەست ھێناوە، بەڵام ھەندێ وەزارەتی خزمەتگوزاریش ھەیە پارتی دەیەوێ وەریان بگرێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە خزمەت بکات، ھەروەھا ئەگەر بێت و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بمینێت، ئەوە بێگومان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە."
kdp-
