شەش کەیسی دەرمان لە قۆناغی دادگاییکردندان
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات: "پێشتر لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە بە فەرمانی سەرۆک مەسعوود بارزانی چەند کەیسێکی دەرمان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کرابوون و دەشڵێت: "لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت و لیژنەیەکی تایبەت بە چاکسازی لە کەرتی دەرمان پێک ھاتبوو، شەش کەیس لەوانە لە بەردەستی ئێمەیە وەک دەستە و کار دەکەین بۆ یەکلاکردنەوەیان."
لە چوارچێوەی ئەو ڕیفۆرم و چاکسازییانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردن و پاراستنی ژیانی خەڵکی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا ئەنجامیان دەدات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی لە بواری تەندروستی و کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە ھەرێمی کوردستاندا دەرکرد، لەوانەش دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بە ھاوردەکردن و مامەڵەکردن بە دەرمانەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت: "ئەو شەش کەیسەی دەرمان کە لای ئێمەیە قۆناغی باشیان بڕیوە، ھەندێکیان گەیشتوونەتە قۆناغی دادگاییکردن و کاریش تێیاندا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسانەدا دەکرێت."
دەربارەی ھاتنی دەرمانی قاچاخ، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر گوتی: "ئەو دەرمانانە زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە دێنە نێو ھەرێمی کوردستان. بە پێی یاسا ھێنانی دەرمانی قاچاخ تاوانێکی ئابوورییە و ھێزەکانی ئاسایش کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن بۆ دەستگیرکردن و لێپرسینەوە، ئێمە دەستخۆشی لە دەزگای ئاسایش دەکەین بۆ ھەوڵەکانیان، پێویستە ئەو ھەماھەنگییەمان ھەبێت بۆ ئەوەی وەک دەزگایەکی چاودێری ڕۆڵمان لەسەر پرسی دەرمانی قاچاخ هەبێت."
kdp-
