شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەرکی پارتی قورستر بوو

 شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەرکی پارتی قورستر بوو
پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە بە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ”ئەرکی پارتی قورستر بوو“.

شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق وتارێکی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیوە و تێیدا رایگەیاندووە، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی داستانی پردێ، مەحمودییە و سحێلا و پاراستنی ئەزموونی کوردستان.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کردووە و رایگەیاندووە، لەوکاتەی پێشمەرگە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی هەوڵی پاراستنی کوردستانی دەدا، ”لەبەشێکی تری هەرێم ناوچەکان چۆڵ دەکران و ئیدعای ئەوە دەکرا کە ئەوان توانای روبەروبونەوەی ئەو هیزە گەورەی عێراقیان نییە“.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی جگە لە پیرۆزباییکردن لە سەرۆک بارزانی و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، پێی وایە سەرکەوتنی حزبەکەی و بەدەستهێنانی 45 کورسیی پەرلەمانی کوردستان ”ئەرکی پارتی قورستر کرد و ئیدی خەڵکی چاوی لەوەیە پارتی بتوانی لەگەڵ هیزێک یان چەند هێزێکی کوردستانی تەواوی ئەو کێشەو گرفتانەی تاکی کورد پێوەی دەناڵێنی چارەسەری بکات“.

شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئیرادەی سەرۆک بارزانی ”بە ئاراستەی چاکردنی دۆخی هەرێم ونەمانی گەندەڵی و گۆڕانکارییە“ و بەپێویستیشی دەزانێ ”هەموو هاوکاری جەنابیان بین لەپرۆسەیەدا“.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، کە لە قۆناغی داهاتوو بەهۆی ئەوەی پارتی زۆرینەی پەرلەمانی پێک هێناوە، پەرلەمان ”ەناوەندێک بۆ تەشهیرو یەک شکاندن دەبێتە ناوەندێک بۆ دەرچونی سەدان یاساو بڕیاری گرنگ لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان“.

شاخەوان عەبدوڵڵا، کە خەڵکی کەرکووکە، لە کۆتایی وتارەکەیدا وەک هاووڵاتییەکی ئەو شارە داوا لە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات ”ئازارەکانی کەرکوک و داقوق و خورماتو و خانەقین و تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبیر مەکەن و کار بۆ گەرانەوەی ئەوبەشەی هەریم بکەن بۆ باوەشی نیشتمان“.












باسنيوز
Top