بەرهەم ساڵح بە مالیکی گوتووە سەرۆک بارزانی بە نیازە سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، پێش ٢ی ئۆکتۆبەر کە تێیدا پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یەکلا کرایەوە، بەرهەم ساڵح کە ئەوکات کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، چووەتە لای نووری مالیکی و پێی گوتووە کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ نەچووەتە لای، بەڵکوو ”هاتووم لە موئامەرەیەکی بارزانی ئاگادارتان بکەمەوە“.
بەرهەم ساڵح بە مالیکی گوتووە، سەرۆک بارزانی دەیەوێ دکتۆر فواد حوسێن ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق، بەرنامەکەشی ئەوەیە کە ”دوای ئەوەی دەبێتە سەرۆک کۆمار، پاش ساڵێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێک پێشکەش بکات و دەست لەکار بکێشێتەوە و سەربەخۆیی کوردستان لەنێو نەتەوە یەکگرتووەکان ڕابگەیەنێت“.
بەرهەم ساڵح جەختی لەوە کردووەتەوە کە ”من لە دڵسۆزیم بۆ خاکی عێراق و یەکپارچەییەکەی ئەوەتان پێ دەڵێم، نەک بۆ ئەوەی دەنگم پێ بدەن تاوەکوو ببم بە سەرۆک کۆمار“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ٢٠٠٨، بۆ یەکەمینجار سوپای عێراق لە ناوچەکانی سەعدییە، جەلەولا و قەرەتەپە لە دژی پێشمەرگە جووڵێندرا و دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا نووری مالیکی ئاشکرای کرد کە بەرهەم ساڵح داوای جووڵاندنی هێزی لە دژی ئەو ناوچانەی کوردستان لێ کردووە.
باسنیوز
