گۆڕان لە یەکێتی بێئومێدە و بیر لە بەشداریکردن لە حکوومەت دەکاتەوە
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: ”لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کرا، تاوتوێی وردمان لەسەر بەرنامەی ئایندە و بەشداریکردنمان لە حکوومەتی داھاتوو کرد، بۆچوونیش لەسەر بەشداریکردن و نەکردن لە حکوومەت ھەروەھا لەگەڵ چ لایەنێک بەشداربین یان بەشەدار نەبین، ئەمڕۆ شەممە ٢٠\١٠\٢٠١٨ لە کۆبوونەوە جڤاتی نیشتمانی کە ڕێکخەری گشتی بەشدارە، دەردەکەوێت چ بڕیارێک دەدرێت“.
ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ئەوەشی روون کردەوە، کە یەک بابەت لە کۆبوونەوەکەی جڤاتی گشتیدا ھەبووە، ئەویش لە ھاوپەیمانی کردن لەگەڵ یەکێتی و ھەر جۆرە بەشداریکردنێک لەگەڵیدا نائومێدن، چونکە لە ڕابردوودا یەکێتی لەگەڵیان ڕاستگۆ نەبووە، گوتیشی: ”یەکێتی پشتی پێ نابەسترێ و ھێزێکە مەرجەعیەتیان نییە، چونکە لەکۆمەڵێک کوتلە و کوتلەکاریی سیاسی پێکھاتووە کە لە ناوخۆیاندا دژی یەکترن، لەوانەیە ھەندێکیان پێیان باش بێ لەگەڵ ئێمە دۆستایەتی بکەن، بەڵام ھەندێکی دیکە تێکی دەدەن“.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەکێتی ”حزبێکی یەک جەمسەر نییە و بێ مەرجەع و بێ ڕێبەر و گەورەیە، کە ھەریەکەیان ئاوی دۆڵێک دەخۆنەوە و سیقەیان لەسەر ھەڵناچنرێت، بەڵام لەڕاستیدا پارتی مەرجەعی ھەیە و لە ئەجێندای تێدەگەی و قسەی خۆت لەگەڵ دەکات“. دەشڵێت: ”پارتی پێت رادەگەیەنێت کە بەم پێوەرە دەیکەم، ئەوکاتیش دەکەوێتە سەر خۆت کە چۆن کاری لەگەڵدا دەکەی“.
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، لەبارەی نزیکی حزبەکەی لە پارتییەوە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت، ئاماژەی بەوەش کرد: ”لەچەند کاتژمێری ئایندەدا ئەوە دەردەکەوێت، بەڵام وەک پێم گوتی ئێمە لە یەکێتی بێ ئومێدین“.
پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ٤٥ کورسیی پەرلەمانی داهاتووی کوردستانە و بەو هۆیەوە بە ئاسانی دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت. بە تایبەتیش لە کاتێکدا حزبەکە بڕیاری داوە لەسەر بنەمای کورسییەکانی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ لایەنەکاندا بکات.
باسنيوز
