فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لە داستانی پردێ سەرۆک بارزانی چرکە بە چرکە ورەی پێدەداین
حەمە ڕێگر، جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک باس لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و وردەکارییەکانی داستانی پردێ بۆ (باسنیوز) دەکات و دەڵێت: "١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووداوێکی کارەساتبار و ئاوارەی خەڵکی کەرکووکی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەو پلانەش ھەم نێودەوڵەتی، ھەم ھەرێمی و ناوخۆیی بوو کە تێیدا هەندێک یەکێتی دەستی هێزەکانی عێراقیان لە باشووری کەرکووکەوە ھێنایە ناو کەرکووکەوە، سوپا کاتێک بەبێ تەقە ناوچەکانی باشووری گرت، ئەوەندە غروور گرتبووی، وای دەزانی دەتوانێت پایتەختی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەش بگرێت، بەڵام پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە پلانی فەرماندەی میحوەر، توانیمان لە پردێ لووتی دوژمن بشکێنێت".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕوونی کردە، دوژمن نزیکەی کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، دەستی بە ھێرش کرد، لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ فشارێکی زۆریان کرد و شەڕەکە زۆر گەرم ببوو، ئەوان دەیانویست کە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بشکێنن و بەرەو ھەولێر بڕۆن، بەڵام ”سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن ئاگای لێمان بوو و ھەم لەگەڵ دکتۆر کەمال کەرکووکی و ھەم لەگەڵ فەرماندەکانی دیکەدا قسەی دەکرد و بەردەوام و چرکە بە چرکە ورەی پێ دەدان، ئێمەش بڕیارمان دابوو یان دەبێ بمرین، یان دەبێ سەرکەوتوو بین و لە کۆتاییشدا سەرکەوتین و خاڵی کۆتاییمان بۆ دانان و وانەیەکمان پێ دان کە جارێکی دیکە نەتوانن ڕووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە“.
جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو تۆپخانە و ڕاجیمانەی دوژمن بەکاری دەھێنا و دەیھاویشت، ھەم ئەوانەی کە نیشانەیان پێ دەگرت، ھەمووی ئێرانی بوون و سوپای قودس لەگەڵیان بوو و سەرپەرشتییان دەرکرد، بەڵام لە شەڕەکەدا ١٧٠ تا ١٨٠ کەسیان لێ کوژرا، ئێمەش ٧ پێشمەرگەمان شەھید بوو و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون".
حەمە ڕێگر دەشڵێت: "داستانی پردێ ئومێدێکی گەورەی ھەم بە خەڵی کوردستان بەخشی، ھەم بە ھێزی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی دیکە، بۆیە سەربەرزم بەشداریم لەو داستانەدا کردووە".
باسنیوز
