پارتی داوایەکی یەکێتی بۆ مامەڵەنەکردن لەسەر بنەمای کورسییەکانی پەرلەمان ڕەت دەکاتەوە

 پارتی داوایەکی یەکێتی بۆ مامەڵەنەکردن لەسەر بنەمای کورسییەکانی پەرلەمان ڕەت دەکاتەوە
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، چیتر حزبەکەی شایستەی خۆی لە پۆستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نابەخشێت و ”ئەو بابەتە بڕاوەتەوە“.



پاش ئەوەی ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی ئەوەیان ڕاگەیاند کە نابێ پارتی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی پۆست و پلە بە حزبەکەیان بدات. بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”نابێت یەکیتی لە بەغدا زۆرینە و کەمینەی قەبووڵ بێت، لە ھەرێمی کوردستانیش قەبووڵی نەبێت، چونکە خۆی ئەو ڕێگەیەی ھەڵبژارد، ئێمە ئەگەر ھەتا ھەتایە بەنیوە ھەموو پۆستەکانمان لەگەڵ یەکێتی بێ، باشە بۆ ھەڵبژاردن دەکرێت؟“.



بەرپرسەکەی پارتی ئەوەشی نەشاردەوە کە ئێستا دۆخێک هاتووەتە ئاراوە، ناخوازێت لەگەڵ یەکێتیدا پۆستەکان فیفتی بە فیفتی بێت، ”ھەر بۆیە پارتی و یەکێتیش بەقەد ئەو کورسییانەی ھێناویانە، لە کوردستاندا حوکم دەکەن، ئەمەش زوڵمکردن نییە لە یەکێتی و نابێ پێیان ناخۆش بێت، لەبەر ئەوەی لەلایەک جگە لە پارتی و یەکێتی حزبی دیکەش ھەیە و دەنگ و کورسییان ھێناوە، ڕەنگە بیانەوێت بەشدار بن لە حکوومەت و داوای پۆستیش دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە بەخشینی پۆست لەلایەن پارتییەوە بۆ یەکێتی تەواو بووە و بڕاوەتەوە“.



بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، دەپرسێت کە بۆ یەکێتی ڕازی نابێ بە قەد کورسییەکانی خۆی حوکمڕانی بکات؟ ڕوونیشی کردەوە:”لە داهاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێت و لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە، بەقەد قەبارەی خۆی، یەکێتی دەسەڵاتدار دەبێ، ھەروەھا پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنیش، بەقەد خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە سیاسەتیش بەزەیی و بێ بەزەیی نییە“.





باسنیوز
Top