پێشمه‌رگه خۆی نه‌چه‌ماند حه‌شد و پاڵپشته‌كانی تێك‌شكاند
رۆژی 20/10/2017 به تۆماركردنی داستانی پردێ و تێكشكاندنی ئه‌و به‌ره‌یه ناو ده‌برێت كه هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌دا و له ناوخۆی كوردستان گرووپێكی ناو یه‌كێتی چاوساغیان بوو، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بڕیاری به‌رگریدا له‌ژێر فه‌رمانده‌ی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
حكوومه‌تی عێراق هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی به‌ناوی كۆنترۆڵكردنی حه‌ویجه و ناوچه فراوانه‌كانی ده‌وروبه‌ری كۆكردبووه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆ ببنه‌وه له 16ـی ئۆكتۆبه‌ردا كه‌ركووكیان راده‌ستكرا، هه‌ر ئه‌وكاته‌ی هاتنه ناوشاره‌كه، ئاراس شێخ جه‌نگی، كه وه‌ك گوته‌بێژی گرووپی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌رده‌كه‌وت گووتی: "فیرقه‌ی موده‌ڕه‌عه به‌ره‌و پردێ و هه‌ولێر ده‌ڕۆن" ئه‌وه‌ش ده‌ریخست پیلانێكی گشتگیرتر دژی هه‌رێمی كوردستان داڕێژراوه‌و هێزه‌كانی حه‌شد و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و ئه‌و هێزه ئێرانیانه‌ی پاڵپشتیان ده‌كردن نایانه‌وێت له ھێڵێكدا بوه‌ستن و چاویان بڕیوه‌ته داگیركردنی هه‌موو خاكی كوردستان.
شه‌ڕه گه‌وره‌كه رۆژی 20ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ستیپێكرد، گورزه گهروهكهش ئه‌و رۆژه به‌ر حه‌شد و سوپا و هێزه‌كانی دیكه كه‌وت و تێك‌شكێنران.
ته‌نانه‌ت له‌و داستانه‌دا تانكی به‌هێزی ئهبرامسی ئه‌مه‌ریكی كه بۆ شه‌ڕی داعش و گرووپه توندڕه‌وه‌كان درابووه سوپای عێراق، حه‌شدی شه‌عبی دژی پێشمه‌رگه به‌كاریهێنا، به‌ڵام تانكه‌كه له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه له پردێ تێكشكێنراو ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی جیهانی به‌دوای خۆیدا ھێنا.
له پردێ پێشمه‌رگه‌كان به‌ده‌م گۆرانیگووتنهوه به‌ره‌نگاری له‌شكره بێشومارهكهی به‌غدا و هاوپه‌یمانه‌كانی بوونه‌وه، ئه‌وه‌ش بووه هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر له ناوچه‌كانی مه‌حموودییه و سحێلا و ناوچه‌كانی دیكه و مه‌خموور و ده‌وروبه‌ری.
پێشمه‌رگه كه هێشتا برینداری "خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر" بوو، له‌و رۆژه‌دا بڕیاریدا یان بمرێت، یان خۆی بۆ داگیركه‌رانی كوردستان نهچهمێنێ و دواجار به‌خوێنی چه‌ندین پێشمه‌رگه توانی شكست به پیلانی سڕینه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی و ئیداری هه‌رێمی كوردستان بهێنێ.
K24
