لە داستانی پردێ هێرشی هاوبەشی میلیشیاکانی عێراق و هێزێکی یەکێتی تێکشکێنرا
ساڵێک لەمەوبەر لە ڕۆژی هەینی 20/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک شارۆچکەی پردێ و چەکی وڵاتانی هاوپەیمانان و تانکی (ئەبرامز)ی ئەمریکییان بەکار هێنا.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لەو شەڕەدا هێزێکی سەر بە لاهوور جەنگی و هێزێکی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی کە بەشێک بوون لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ حەشدی شەعبی لە هێرشەکەدا بەشدار بوون. لە ئەنجامی شەڕەکەشدا ئەو دوو هێزەی یەکێتی کە لە تەک حەشدی شەعبی لەدژی پێشمەرگە شەڕیان کردووە، برینداریان هەبووە و بە مەبەستی چارەسەر، بۆ سلێمانی گواستراونەتەوە.
پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە لە کاتی شەڕەکەی پردێدا، ژمارەیەک کەس کە سەر بە باڵ و گرووپە خیانەتکارەکەی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، لە سنوورەکانی پشتەوەی هێزی پێشمەرگە، زانیاریی وردیان لەبارەی پێگە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە میلیشیاکان و هێزەکانی یەکێتی کە لە شەڕەکەدا بەشدار بوون، داوە، بەو ئامانجەی زیانی زیاتر بە پێشمەرگە بگەیەنێت.
لەلایەکی دیکەوە و هەر لە کاتی داستانەکەی پردێدا، ژمارەیەکی زۆر لە میدیا جیاوازەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێک لە میدیاکانی گۆڕان و چەند لایەنێک، بە تەواوی هەوڵەکانیان بۆ ڕووخاندنی ورەی پێشمەرگە خستبووە گەڕ و دەنگۆی ناڕاستیان بڵاو دەکردەوە و جارێک دەیانگوت (قوشتەپە کەوتە دەست هێزەکانی عێراق) یان بڵاویان دەکردەوە (بنەماڵەی بارزانی کوردستانیان جێهێشت)، هەروەها بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە (پێشمەرگەی پارتی پردێ تۆپباران دەکات) یانیش (پارتی بە خراپی مامەڵە لەگەڵ دیلەکانی حەشدی شەعبی دەکات) کە سەرجەم ئەو مانشێتانەش لە خزمەت میلیشیاکان و هێرشە هاوبەشەکەیان بوون.
رۆژی پێنجشەممە ١٨ی ١٠ی ٢٠١٨، ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتوان و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکگرتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەگەر لە کاتی هێرشەکانی هێزەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان، بەرگری بکرایە، ئەوا شارەکان داگیر نەدەکران و وڵاتانی دونیاش پشتیوانییان لە کوردستان دەکرد.
سەرجەم بەرپرسان و چاودێرانی سیاسی لە کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە داستانەکانی (پردێ، سحێلا، مەحموودییە و تەلسقۆف) بوونە هۆکاری مانەوەی هەرێمی کوردستان و ئامانجی میلیشیاکانی عێراق و خیانەتکارانی نێو یەکێتیش لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بووە.
باسنیوز
