بەختیار عیزەت دەرگەڵی بیرەوەرییەكی مستەفا بارزانی لە ئەمریكا دەگێڕێتەوە

بەختیار عیزەت دەرگەڵی بیرەوەرییەكی مستەفا بارزانی لە ئەمریكا دەگێڕێتەوە
بەختیار عیزەت دەرگەڵی نووسەر و چالاکوانی سیاسیی کورد لە ئەمریکا هەڵوێستێكی مستەفا بارزانی ڕێبەری نەتەوەیی كورد دەگێڕێتەوە، لەو كاتەی بارزانی لە ئەمریكا بووە و پێشوازی لە عیزەت دەرگەڵی كردووە وەكو نێردراوی ئەحمەد حەسەن بەكر بۆ دانوستاندن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە بەختیار عیزەت دەرگەڵی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) نووسیویەتی "ساڵی ١٩٧٨ ئەحمەد حەسەن بەکر سەرکۆماری پێشووتری عێراق بەدوای کەسایەتییەکی سەربەخۆدا دەگەڕا وەك نوێنەری خۆی بینێرێتە لای مستەفا بارزانی، بەدوای كەسێكدا دەگەڕا کە سەنگی خۆی هەبێت و بارزانی رێزی لێ بگرێ و متمانە بەقسەكانی بکات، بەم هۆیەوە مام عیزەت دەرگەڵییان هەڵبژارد".


هەروەها دەیگێڕێتەوە كە لە ڕۆژی ١٨ی ئاداری ساڵی ١٩٧٨، لە ھۆتێل ھاڵیدەی ئین لە شاری واشنتەنی پایتەختی ئەمریکا، مستەفا بارزانی ڕێبەری نەتەوەیی كورد بەئامادەبوونی سەرۆك مەسعود بارزانی، لەگەڵ عیزەت دەرگەڵی كۆبوونەوە.


بەختیار عیزەت دەرگەڵی نووسیویەتی كە مام عیزەت دەرگەڵی باوكی نامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی بۆ بارزانی هێنابوو، تیایدا داوا لە بارزانی کرابوو بگەڕێتەوە بۆ عێراق و نووسیبوویان "مانەوەتان لە تاراوگە خزمەتی برایەتی کورد و عەرەب ناکات".


لە وەڵامی داواكەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا، مستەفا بارزانی روو لە مام عیزەت دەكات و پێی دەڵێ "ئەگەر حکومەتی عێراق جیدییە لەسەر چارەسەری بنەڕەتی كێشەی کورد، بۆ ئەو هەموو تەعریب و تەهجیرە دەكا؟ (ئەوکات ۳٥٠ هەزار کورد بەرەو باشووری عێراق راگوێزرابوون). با ئەو خەڵکەی راگوێزراون بیانگەڕێننەوە زێدی خۆیان و تەعریبی کەرکووک کۆتایی پێبێت، ئەوکات من دەچمە وڵاتێکی موسڵمان دادەنیشم و لە ئەمەریکا نامێنمەوە".


هەروەها پێیگوتووە كە "كێشەی کورد مەزنترە لە کەسێک یان حزبێک. من تەنها ملكەچی خودای مەزنم و لێی دەپارێمەوە، سازش بۆ زاڵمان ناكەم".


مستەفا بارزانی لە كۆتاییدا بەمام عیزەت دەرگەڵی گوتووە كە کاغەز بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق نانووسێتەوە، هەر بەزارەكی پێیان بڵێن كە واز لە زوڵم بێنن.
k24 -
Top