وەزارەتی ئەوقاف: تا ئێستا ١٠٠ پهرستگا لەلایەن داعش و حەشدهوە تێك دراون
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوای داگیركردنی ئەو ناوچانەی كوردستانی بوون و لە دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوون، لەلایەن حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەكانەوە پیلانی دیكەیش جێبەجێ كران بۆ گۆڕینی تەواوی رەسەنایەتیی ئەو ناوچانە، لەوانەیش پیلانی بەشیعەكردنی ئەو ناوچانەی كوردنشینن و پێكھاتەی دیكەیان تێدایە، بەداخەوە ھەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر بەرە و مەزھەبێكی دیاركراو بڕوات و لە ژێر ناوی جیاجیا بارەگای رێكخراوەكانی شیعە لە كەركووك كراونەتەوە".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "چەندین بەڵگە لە بەردەستدان كە شوێنە پیرۆزەكانی پێكھاتەكان یان تێك دراون یانیش گۆڕانكارییان بەسەردا ھێنراوە، بەپێی ئاماری فەرمیی بەردەستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش، تا ئێستا ١٠٠ شوێنی ئایینی كاكەیی و ئێزدی و كریستیان لەلایەن داعش و حەشدی شەعبییەوە تێك دراون و شێوێندراون، ئەمەیش پێشێلكاری و سوكایەتیكردنە بە پیرۆزیی مرۆڤ".
نەقشبەندی دەڵێت: "لە دوای پڕۆسەی داگیركاری، ھەرچی حوسەینییەی شیعە ھەیە نۆژەن كراونەتەوە، بەڵام شوێنە پیرۆزەكانی ئایین و مەزھەبەكانی دیكە تێك دراون یانیش حكوومەتی عێراق بە ھیچ شێوەیەك ئاوڕی لێ نەداونەتەوە، ھەروەھا چەندین رەفتار ئەنجام دراون، لەوانە كردنەوەی قوتابخانە لەو شوێنانەی یەك شیعەی تێدا نییە بە ناوی ئیمام و پێشەواكانی خۆیانەوە
kdp-
