کۆمپانیا ئەورووپاییەکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن
سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی ئەمنی لە عێراق و نەمانی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و ئامادەییان پێشان داوە لە ھەردوو کەرتی وەبەرھێنان و بازرگانیی ھەرێمی کوردستاندا کار بکەن، بەتایبەتی ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپایی لە ماوەکانی ڕابردوودا ئەوەیان پێ ڕاگەیاندین کار بۆ ھێنانی کۆمپانیای بازرگانیی وڵاتەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن."
ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەمنییەوە جیاوازییەکی زۆری لەگەل ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەیە و ساڵانی ڕابردوو چەندین گەورەکۆمپانیای بیانی بۆ وەبەرھێنان و بازرگانی ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، گەیلان حاجی سەعید، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەریەک لە وڵاتی ھەنگاریا و پۆڵونیا و چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپایی و جیھانی لە ماوەکانی داھاتوودا کۆمپانیاکانیان ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکەن تا بتوانن ڕۆڵیان ھەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی بازرگانی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشترکردنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان."
لەگەڵ ھاتنی شەڕی داعش ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی بەرەو وڵاتەکانیان گەڕانەوە، بەڵام دوای سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا ئێستا خەریکە ڕەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە و بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانیش گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان. گەیلان حاجی سەعید دەڵێت: "بەداخەوە شەڕی داعش و ناسەقامگیریی ڕەوشی سیاسی و ناوچەکە و عێراق کاریگەریی لەسەر پاشەکشەی کۆمپانیا بیانییەکان ھەبووە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام کە نوێنەری وڵاتان و کۆمپانیاکان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان دەکەن زۆر ڕاستییان بۆ دەردەکەوێت، لەبەر ئەوەش پێشبینیی ھاتنی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی بیانی دەکەین."
kdp-
