ئەحمەد گەرمیانی: بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەبەر ئەم هۆکارە گەڕاوەتەوە کەرکووک

	 ئەحمەد گەرمیانی: بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لەبەر ئەم هۆکارە گەڕاوەتەوە کەرکووک
سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستان گوتی، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە خوێندنی کوردی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە ببوو، بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەکی نەکەوێت بڕیاری گەڕانەوەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی بۆ کەرکووک دراوە.



لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆرینەی بەرپرسانی کورد لە کەرکووک لە ترسی گیانی خۆیان شارەکەیان جێ ھێشت و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەری بەشی کوردی لە کەرکووک گەڕاوەتەوە بۆ سەر کاری خۆی، کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە.



پەیوەست بەم پرسە، سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە ترسی گیانی خۆی شارەکەی جێ ھێشتبوو و کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو پۆستەکەی بەڕێوە دەبرد، بەڵام کۆمەڵێک کێشە لە بەشی خوێندنی کوردی ھەبووە و زۆریش گەورە ببوون، بۆیە بڕیار درا بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن پەکی نەکەوێت."



ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بەو ناوچانە دەدات، بەتایبەت خوێندنی کوردی، چونکە ناکرێت بەشی خوێندنی کوردی لەو شارە نەمینێت، بۆیەش بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی گەڕاوەتەوە بۆ سەر کاری خۆی."
kdp-
Top