تاڵانکارانی نەوت لە هەولێر دەستگیر کران و لە سلێمانیش سێڵفییان لەگەڵدا دەگیرێت

 تاڵانکارانی نەوت لە هەولێر دەستگیر کران و لە سلێمانیش سێڵفییان لەگەڵدا دەگیرێت
هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر، ئەو کەسانەیان دەستگیر کرد کە بۆڕیی نەوتیان بە نایاسایی کون کردووە و نەوتەکەیان بە تاڵان بردووە، لە کاتێکدا هەمان ئەو کەسانەی نەوت تاڵان دەکەن، لە سلێمانی بەرپرس و بڕیاردەی هێزە ئەمنییەکانن.

ژمارەیەک کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە لەسەر کونکردنی نایاسایی بۆڕیی نەوت و بەتاڵانبردنی نەوت دەستگیر کراون و بەپێی یاساش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

چاودێران دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لەم دۆسیەیەوە گلاون، بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەولێر دەزانن و ڕای دەگەیەنن کە ئەمە نیشانەی ڕێگەگرتنە لە بەتاڵانبردنی سامانی خەڵک و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن تاوانی لەم شێوەیە ئەنجام بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڵگە و زانیاریی زۆر لەبەر دەستدا هەیە کە لە شاری سلێمانی و بە تایبەتیش هەریەک لە پاڤڵ تاڵەبانی و لاهوور جەنگی و سەرانی دیکەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ڕێککەوتنێک نەوتی کەرکووک بەنایاسایی ڕەوانەی ئێران دەکەن و تاوەکوو ئێستاش ئەو کەسانە نەک هەر ڕێکاری یاساییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر نەگیراوەتە بەر، بەڵکوو خۆیان بەرپرس و بڕیاردەری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانین.

هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بە شێوەیەکی پیشەییانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن و لە هیچ کەس و لایەنێک کە مامەڵەیەکی دەرەوەی یاسا بکات، سڵ ناکەنەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەشی بە بەڵگەی پیشەیی کارکردنی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر لێک دایەوە.










Top