ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی كۆمه‌ڵكوژی جەزیرەی به‌دنیا ناساند چاوه‌ڕێی زیندانه
نورجان بایسهك نووسه‌ر و رۆژنامەنووس له باكوور، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی خه‌نده‌قدا له باكوور كه له نێوان په‌كه‌كه و سوپای توركیادا دروست بوو و ئه‌وكات چه‌ند تویتێكی له پێگه‌ی خۆی بڵاو كرده‌وه، چه‌ندین راپۆرتی له‌باره‌ی ره‌وشی هاووڵاتیان له باكوور و به‌تایبه‌ت جه‌زیره بڵاو كرده‌وه، بۆیه داواكاری گشتیی ئامه‌د تۆمه‌تی تیرۆریستی و به‌رپاكردنی كین و جودایی خسته پاڵی.
نورجان ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م دادوه‌ر گوتی "وه‌كو نووسه‌رێك له هه‌موو شوێنێكی دنیادا به‌رگری له ئاشتی ده‌كه‌م. وه‌كو دایكێكیش ئازارم كێشا كاتێك بینیم چه‌ندین دایك له‌و شه‌ڕه‌دا جه‌رگیان سووتا و داوام كرد هیچی تر منداڵه‌كانمان نه‌كوژرێن".
نورجان له راپۆرتێكدا كه ئه‌وكات له ماڵپه‌ڕی (T24)ـی توركی بڵاوی كرده‌وه، باسی له‌و كۆمه‌ڵكوژییه كرد كه سوپای توركیا له جه‌زیره ئه‌نجامی داوه، هه‌روه‌ها باسی له‌و "بێویژدانی و بێئه‌خلاقی"یه‌ی سوپای توركی كرد به‌رامبه‌ر به ئافره‌تان.
نورجان له‌و راپۆرته‌دا ئاشكرای كردووە كه سه‌ربازی تورك چوونه‌ته سه‌ر ماڵه كورده‌كان له جه‌زیره، به‌ڵام ئافره‌ته‌كان پێشتر خۆیان رزگار كردبوو، بۆیه سه‌ربازه‌كان ده‌رپێی ئافره‌ته‌كانیان ده‌رهێنابوو و به دیواردا هه‌ڵیانواسیبوو.
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر زۆرێك له دیواره‌كاندا نووسیبوویان "ئه‌ی ئافره‌ته جوانه‌كانی كورد، به‌داخه‌وه كه ئێمه هاتین ئێوه له‌وێ نه‌بوون"، ئه‌م راپۆرته‌ی نورجان له زۆرێك له میدیا جیهانییه‌كان ده‌نگی دایه‌وه.
باسنيوز
