لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ژمارەیەک چالاکوان لە کەرکووک دەستگیر کران

 لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ژمارەیەک چالاکوان لە کەرکووک دەستگیر کران
بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک (پارتی) ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنووس بە بیانووی ھاندانی خەڵک بۆ مانگگرتن، لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە لە کەرکووک دەستگیر کراون و حاڵەتی ئامادەباشیش ڕاگەیاندراوە.


عەقید ئیدریس ڕەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ڕایگەیاند: "ھێزە عێراقییەکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ھێزەکانیان لە زۆر جێگادا بڵاوە پێکردووە، ھەروەھا چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکیان دەستگیر کردووە، کاتژمێر ٢ی شەوی ڕابردووش (ئەدھەم جومعە) کە چالاکوانێکی مەدەنییە، دەستگیر کراوە، بیانووەکەیان ئەوە بووە کە گوایە ھانی خەڵکی داوە و پاڵپشتی کردوون بۆ ئەوەی ئەمڕۆ (١٦ی ئۆکتۆبەر) لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی کراوە، مان بگرن و بازاڕ و دوکانەکانیان نەکەنەوە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک ڕوونی کردەوە: "دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بۆ ئەوە بووە کە ئەمڕۆ ھیچ کار و چالاکییەک نەکەن، چونکە بەرنامە ھەبووە کە خەڵکی کەرکووک دوکان و بازاڕەکانیان نەکەنەوە، دیارە بە ھێزی چەک و زەبروزەنگ وەک چۆن کەرکووکیان داگیر کرد، ئەمڕۆش لەناو کەرکووک ھێزی خۆیان دەنوێنن".


بەرپرسی ئاسایشی کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو ھێزانەی بڵاوەیان پێ کراوە، چاودێریی ھەموو کەسێکیان کردووە، ئەگەر دوو کەسیان بە ئاشکرا گرتبێت، ئەوا ١٠ی دیکە بە دزییەوە دەگرن و ھەندێک بە داخستنی دوکانەکانیان و بازاڕەکان بایکۆتیان کردووە، بەڵام ھەندێک کەسی دیکە لە ترسی بەرژەوەندیی خۆیان دوکانەکانیان کردووەتەوە".









باسنیوز
Top