لە ترسی ئاشکرابوونی خیانەتەکە یەکێتی فەرماندە سەربازییەکانی شاردووەتەوە
شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاسپێردراوە، ڕایگەیاند: "زۆر بە ڕوونی دیارە کە لایەنی یەکێتی بەربەستی دروست کرد و لە شاردنەوەی فەرماندە سەربازییەکانی خورماتوو، چونکە ئێمە چووینە سلێمانی و دانیشتنمان لەگەڵ قایمقامی خورماتوو، ئەنجومەن، کەسایەتی و خەڵک و ئاوارەکان کرد، بەڵام فەرماندە سەربازییەکان ئامادە نەبوون".
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی شاردنەوەی فەرماندە سەربازییەکانەوە لەلایەن یەکێتییەوە، زانیاریی زیاتری ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند: ”ئێمە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەش دانیشتین، ھەروەھا نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتەکە کرد، بۆ ئەوەی ئەو فەرماندە سەربازییانەی ناویان لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، ئامادە بکەن، بەڵام پاش چەندین مانگ ئارامگرتن، ئەو فەرماندە سەربازییانەی بەرپرس بوون لە شکستی خورماتوو، ئامادە نەبوون بێنە پێش لێژنە و وەڵام بدەنەوە".
باسیشی لەوە کرد کە ئەوان لە ھەفتەی ڕابردوودا ڕاپۆرتی خۆیان نووسییەوە و بەرزیان کردووەتەوە، بەڵام ”لەو ھەشت ئەندامەی لێژنەکە کە پێکھاتبوون لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، شیوعی، تورکمان و مەسیحییەکان، تەنیا یەکێتی واژۆی لەسەر ڕاپۆرتەکە نەکرد، ھەموو ئەوانی دیکە واژۆیان لەسەر کرد“.
باسنیوز
