لە هەولێر دژی داگیرکردنی کەرکووک گردبوونەوەیەک ساز کرا

 لە هەولێر دژی داگیرکردنی کەرکووک گردبوونەوەیەک ساز کرا
ئەمڕۆ سێشەممە لە یەکەم ساڵڕۆژی خەیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدژی داگیرکردنی پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، کۆمەڵیکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گردبوونەوەیەکیان ڕێک خست.



لەو گردبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆس سێشەممە 2018/10/16 لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانان تێیدا بەشدار بوون، لە بەرانبەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەنگیان هەڵبڕی و داوایان کرد کە بێلایەنانە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت.



لە گردبوونەوەکەدا ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە کەلە بەشێکیدا هاتبوو: "ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر لە کاتێکدا ڕووی دا کە پێچەوانەی هەموو یاسا کارپێکراو و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، هاوکات پێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵە و تاوانێکی زۆر گەورەیە، چونکە بەپێی دەستوور نابێ سوپا و هێزە چەکدارەکان لە ملمالانێیە سیاسییەکاندا بەشداری بکەن و پشێوی ساز بکەن، کە بەداخەوە لە 16ی ئۆکتۆبەردا سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تاوانیان خولقاند".



گوتیان: "ئێمە لە کاتێکدا ئەم یاداشتە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکەین کە پێشێلکارییەکان بەردەوامن و حکوومەتی عێراق بە شێوەی جیاجیا هەڵمەتی لادانی بەرپرسە ئیدارەییەکانی لە ناوچە جیاجیاکان دەست پێکردووە و لەسەرجەم ئەو ناوچانە پرۆسەی بە عەرەبکردن دەستی پێکردووەتەوە و بە هەموو جۆرێک دژایەتیی گەلی کوردستان دەکرێت، بۆیە ئێمەش لە سۆنگەی ئەو بەرپرسیارێتیەی لەسەرشانمانە، وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی ەمدەنی داوا دەکەین:



- کۆتایی بەو ستەمە بێت کەلە کورد دەکرێت و کۆتایی بەو هەڵمەتی لادانی بەرپرسە ئیدارییەکان بهێندرێت کە زۆربەیان کوردن و لادراون.



- بەپێی دەستوور پێشمەرگە هێزێکی فەرمی و دانپێدانراوە، داواکارین بگەڕێنەوە کەرکووک و شنگال و هەموو ناوچەکانی دیکەی کە دەبێ بە شێوەی هەمەلایەن ئیدارە بکرێن.



- لادانی ئەو خاڵە گومرگیانەی کە لالەین حکوومەتی عێراق و میلیشیاکانەوە بۆ وەرگرتنی باجوەگرتن لە بارهەڵگرەکان لە نێوان هەولێر و کەرکووک و هەموو ناوچەکانی‌تر دانراون.
Top