مەسروور بارزانی: ١٦ی ئۆکتۆبەر خاکفرۆشانی لە نیشتمانپەروەران جیا کردەوە

  مەسروور بارزانی: ١٦ی ئۆکتۆبەر خاکفرۆشانی لە نیشتمانپەروەران جیا کردەوە
لەدوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ی گرووپێکی نیو یەکیتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، کە ئەمڕۆ ساڵێکی بەسەردا تێ دەپەڕێت، دۆخی کەرکووک تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، کە بە بڕوای چاودێران، ئاسایش و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو شارە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، کە پێشبینی دەکرێت بەردەوامیی ئەو دۆخە کەوتنی شارەکەی بەتەواوی لێ بکەوێتەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیش رای دەگەیەنێ، ئەوە گەورەترین خیانەت بووە لە مافی نەتەوەیەکی چەوساوە کراوە.



ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ، سێشەمە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بە خیانەت و ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر، شاری کەرکووک لەلایەن گرووپێکی ناو یەکێتییەوە رادەست بە حەشدی شەعبی کرا، کە بۆ چەند ساڵێک دەبوو لەدوای پاشەکشەی سوپای عێراقەوە لەبەرامبەر بە ھێرشی چەکدارەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، ئەمنییەتی شارەکە لەلایەن پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستانییەوە ھاوشێوەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزرابوو.



بەو ھۆیەوە ھەر لە سەرەتای ئەم مانگەوە، باسکردن لەو خیانەتە بووەتە بابەتی سەرەکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان بە شێوازی جۆراو جۆر باسیان لەو خیانەتە کردووە.



شەوی رابردووش، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئاماژەی بەوە داوە کە شازدەی ئۆکتۆبەر رووی خیانەتکارانی بەدیار خستووە.



مەسروور بارزانی، راشی گەیاندووە، کە شازدەی ئۆکتۆبەر گەورەترین خیانەت بووە لە مافی چارەنووسی نەتەوەیەکی چەوساوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا رووی راستەقینەی خیانەتکارانی بەدیار خست و خاکفرۆشانی لە نیشتمانپەروەران جیا کردەوە.



ھەروەھا نووسیویەتی: ‎ھیوادارم خەڵکی کوردستان و ئاشتیخوازان راستییەکان لەبیر نەکەن و چیتر رێگە نەدەن بۆ پۆست و پایە،‌ یاری بە ژیان و چارەنووسیان بکرێت.





کێ خیانەتی لە کەرکووک کرد؟

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر واتە دوو رۆژ دوای ئەو کارەساتە، کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: «ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتیدایە».



لە ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ش، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد، کە ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتیی وەک خیانەتکار سزا دەدا.



ھاوکات ئاراس جەنگی برای لاھوور شیخ جەنگی، ھەر لە میدیای یەکێیتەوە شانازی بەو کارەوە دەکرد کە کردوویانە، لەنیو کەرکووک لەسایەی حیمایەی حەشدی شەعبیدا دەیگوت: “شار ئارامە و ناوی پارێزگاری نوێ لە گیرفانمدایە و لەوانەی حکوومەتی ھەریمیش نەمێنێت”.



لای خۆشیانەوە، پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە میدیاکانەوە دانی بەوە دانا کە ڕای ٣٨ ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەگەڵدا بووە، بەڵام دواتر چەند سەرکردەیەکی یەکێتی خۆیان لەو کارە بێ بەری کرد.



بەڵام، دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، دانی بە ھەموو راستییەکاندا نا کە لە کەرکووک بەھۆی خیانەتی گرووپێکی ناو یەکێتییەوە رووی داوە.





کەرکووک پێش ١٦ ئۆکتۆبەر

پێش رووداوی ١٦ ئۆکتۆبەر، جگە لەو ئەمن و ئاسایشەی کە لەسایەی پێشمەرگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرکووک دابین کرابوو، لە رووی ئابووریشەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لەو مووچە و خەرجییانەی لە ئاسایش و فەرمانبەرانی شارەکە و ھەندێ پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا خەرجی دەکرد، لە چەند مانگی پێش رادەستکردنی کەرکووکیش بە حەشدی شەعبی، مانگانە پارەی پترۆدۆلاری لەبەرامبەر بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە دەدایە بەرپرسانی کەرکووک و بەو ھۆیەشەوە تا دەھات شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە خزمەتگوزاریی باشتریان بەخۆوە دەبینی.



جگە لەوەش، لەڕووی پەیوەندیی پێکھاتەکانیشەوە، کە زۆرینەی شارەکە لە کورد و باقییەکەی عەرەب و تورکمان و کریستیانان پێکھاتووە، تا دەھات ناکۆکییە کۆنەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەڕۆیشتن، کە بەدرێژایی مێژوو حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق تا سەردەمی سەدام حوسێن، ھەوڵی گرژییان لەنێوان ئەو پێکھاتانەی کەرکووکدا دەدا، تاوەکوو لەو رێگەیەوە کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بکەن.





کەرکووک دوای ١٦ ئۆکتۆبەر

ئەمڕۆ، کە ساڵێک بەسەر رووداوی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا تێپەڕیوە، بەپێی گوتەی چاودێرانی سیاسی و ئەمنیی شارەکە، تا دێت شەقامەکانی شارەکە بەرەو پیستر و لە کەمیی خزمەتگوزراییەکانی شارەوانیدا دەناڵێنن، جگە لەوەش، لەڕووی ئەمنییەوە ھیچ مانگێک نەبووە چەندین تەقینەوە تیایدا روو نەدات، کە ئەگەر سەیری ئامارەکانی تەنیا یەک مانگی بەر لە ئەمڕۆ بکەین، زیاتر لە ١٠ تەقینەوەی تیرۆریستی لە شارەکەدا روویان داوە، تەنانەت لە ١٠ رۆژی رابردوودا ٦ تەقینەوەی خۆکوژی و بۆمبی چێنراوی تیادا تەقیوەتەوە، کە بەھۆیەوە چەندین کەسی مەدەنی بوون بە قوربانی.



ھاوکات لەڕووی ئابوورییشەوە، حکوومەتی عێراق لە ماوەی ئەم ساڵەدا و لە پێشووتریش، تەنیا یەک سەنتی لە پارەی پەترۆدۆلار نەداوەتە کەرکووک، ئێستا بە گوتەی بەرپرسانی شارەکە، حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار تەنیا لە پارەی پترۆدۆلار قەرزاری کەرکووکە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە فرۆشتنی نەوتی شارەکە لە ڕێگەی قاچاخ و نایاساییەوە بەردەوامە و رۆژانە بە سەدان تانکەر لە ڕێگەی سلێمانی و ھەڵەبجەوە نەوتی کەرکووک بۆ ئێران دەگوازنەوە، کە بەپێی ھەندێ سەرچاوەی زانیاری، گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، کە کەرکووکی رادەست بە حەشدی شەعبی کردووە، بەشی لەو تاڵانکردنەی نەوتدا ھەیە و مانگانە لەو رێگەیەوە ٣٠ ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت و ئەم پاداشتەشی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە پێ دەدرێت.



لەڕووی کۆمەڵایەتییشەوە، لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی لە شارەکەدا ھەیە، کە راستەوخۆ لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەردەوام ھەوڵی جیاکاری لەنێوان پێکھاتەکانی ئەو شارە و کاری زۆریشی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بە قازانجی عەرەبی شیعە و سڕینەوەی پێکھاتەکانی دیکە، بەتایبەتی کورد کردووە.



لەڕووی ئیداریشەوە، لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک، بە فەرمانی سەربازی، زیاتر لە ٥٠ پۆستی کورد لە ئیدارە و پۆلیس و ئەمنیی شارەکە فەرمانی گۆڕینیان بۆ دەرچووە و شوێنەکان بە تورکمان و عەرەبەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی پڕ کراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەو پۆستانە بەپێی حەقەبەشی ھەڵبژاردنەکان، دراون بە کورد و لەسەر پشکی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بوون، ئەوە جگە لە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زۆر لە فەرمانگەکانی شارەکە، کە لە رووی دەستووری عێراقەوە، ھەموو ئەوانەی کە کراون نایاسایین.



محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ (باس) رای گەیاند، کە دەسەڵاتی کوردستان لەو پارێزگایە نەماوە، خەڵکەکە کەوتووەتە دۆخێکەوە کە ئەمنییەتی نەماوە، تەنانەت گوزەرانیشی بەرەو خراپی رۆیشتووە، گوتیشی: ”حاکمی سەربازی لەو شارە ئێستا حوکم دەکات و بە ئارەزووی خۆی بڕیار دەدا و دەسەڵاتی ھەڵبژێردراوی خەڵک و سیاسی نەماوە، ھیچ سکاڵایەک شوێنی خۆی ناگرێت، دۆخەکە تا دێت لە رووی ئابووری و ئیداری و ئەمنییەوە خراپتر دەبێت“.



ھاوکات، جەمال مەولوود، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، دۆخی ئەمنیی کەرکووک پێش ١٦ ئۆکتۆبەر لەگەڵ ئێستا لە ماوەی ئەو ساڵە بەراورد بە یەکتری ناکرێن، گوتی: ”لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، تەقینەوەکان و ئاسایشی شارەکە بەرەو خراپی دەڕوات و ئەوەش مەترسیی ھەیە لەسەر شاری کەرکووک، کە پێش ئەوە دۆخی ئاسایش لە شارەکە تا سنوورێکی باش جێگیر بوو“.



لای خۆشیانەوە، جوان ئیحسان، ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ (باس) رای گەیاند، پێش رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری وەکوو پارەی پترۆدۆلار دەدایە شاری کەرکووک، کە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا خەرج دەکرا، بەڵام لەدوای ئەو رووداوەوە، نەوتی کەرکووک تەنیا بە تانکەر دەڕوات و ھیچی لەبارەوە نازانن و پارەی پترۆدۆلاریش نەماوە، کە پێشتریش حکوومەتی عێراق لەدوای پەسەندکردنی دەستوور و بوونی ئەو ماددە یاساییە تێیدا، ھیچ بڕە پارەیەکی بەو ناوەوە نەداوە.



پێشتر، شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری کەرکووکی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باس)ی ڕاگەیاند، لەدوای خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی شاری کەرکووک لەلایەن سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، نەوتی ئەو شارە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە دەدزرێت.



شاخەوان عەبدوڵا ھەروەھا رای گەیاند، کە گرووپی خیانەتکاری ١٦ـی ئۆکتۆبەری یەکێتی، تا ئێستاش ھاوکاریی حەشدی شەعبی دەکات بۆ فرۆشتنی نەوتی دزراوی کەرکووک، گوتیشی: ”چەند بەرپرسێکی گرووپە خیانەتکارەکە لە کەرکووک رێگای دزینی نەوتەکە نیشانی حەشدی شەعبی دەدەن، لەبەرامبەردا ئەو میلیشیایانە پارەی دەڵاڵییەکەیان پێ دەدەن“.
Top