موقتەدا سەدر نامەیەک ئاراستەی گەلی کورد دەکا
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانیی سائیرون،، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥\١٠\٢٠١٨، لە پێگەی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، تویتێکی کردووە و نامەیەکی ئاراستەی گەلی کورد کردووە، تێدا نووسیویەتی: ”دەمانەوێت لەگەڵمان بژین بێ جیابوونەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستی خۆشەویستییە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە عێراقێکی یەکگرتوودا بین“.
سەرۆکی رەوتی سەدر، ئەوەشی خستووەتەڕوو: ”دەمانەوێت بەیەکەوە بەھێزبین و نە ستەم بکەن و نە ستەمتان لێ بکرێ، داھاتوومان وەک یەک لەنێوانماندا بەش بکەین، بەدادوەری و رێگە نەدەین کەس دەستدرێژی بکاتە سەرتان، دەزانین کە خەڵکانێکتان تێدایە، میانڕەون و جیاوازی لە نێوان ھیچ کورد و عەرەبێک ناکەن، تەنیا بە کاری چاکە نەبێت“.
ئەوەشی نووسیوە: ”وەرن با بەیەکەوە عێراق رزگار بکەین، واز لە بەش بەشی بێنین، ھەموو گەندەڵکاران دوور بخەینەوە و پەیمان نوێ بکەینەوە، بەوەی کە دەموچاوی نوێ و دەسپاک، بە عێراق پێشکەش بکەین، کە شکۆی ئێوە، بپارێزێت و پێگەتان بەرز بکاتەوە، دوای ئەوەی کە عێراق و گەلەکەی سەربەرز بکەین“.
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر و سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی سائیرون، لە تویتەکەیدا، گوتوویەتیشی: ”با نەوەی کۆنتان و نوێتان یەک بگرن، ھەردوولامان ببینە کۆڵەگەی عێراق و با کەرکووکیش ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتی بۆ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکان“.
باسنيوز
