لە ھەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سنە، د سالار عوسمان: ئامادەین بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتیی تارانیش بکەین
د سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە سەرۆکایەتیی شاندێک، بەشداری کرد لە ھەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سنە، کە لە ١٠ تا ١٧ ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە نێو وتارەکانی ڕێوڕەسمی پێشانگاکەدا د سالار عوسمان وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تایبەت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان- سنە، بریکاری وەزارەت باسی لە گرینگی و بایەخی پێشانگاکە کرد و ھەموو پشتیوانییەکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە؛ ئاماژەیشی دا، کە وەزارەتهكهیان ئامادەیی ھەیە بەشداری لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە تارانیش بکات و جەختیشی لە قووڵکردنەوە و پتەکردنی پەیوەندییە کلتورییەکانی نێوان ھەردوولا کردەوە.
دوای ڕێوڕەسمی وتارەکان، د سالار عوسمان پێشانگاکەی کردەوە و ھاوڕێ لەگەڵ پارێزگاری سنە و بەرپرسان و ڕۆشنبیران بەشەکانی پێشانگاکەیان بەسەر کردەوە، هاوكات سوپاسی سەرجەم دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیان کرد، کە بە فراوانی بەشدارییان لە ھەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سنە کردووە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
لە ڕۆژی دووەم و لە پەراوێزی پێشانگاکەدا، شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی کتێبخانەی گشتیی سنەیان کرد و بە گەرمی لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرس و کارمەندانی کتێبخانەکە پێشوازیان لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکدا بریکاری وەزارەت ٦٠٠ شەشسەد کتێبی کوردیی پێشکەشی کتێبخانەکە کرد و ھەموو پشتیوانیشی بۆ ھەمەھانگی و ھاریکاری و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دووپات کردەوە.
ئێوارەی ھەمان ڕۆژ و بۆ ڕێزگرتن لە داھێنان و ڕۆڵ و نەخشی کولتوورییان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێزلێنانی وەزارەتی پێشکەش بە ھەریەک لە ڕۆژنامەنووس و نووسەری بەنێوبانگ محهممهد کەمانگەر، ماڵباتی ھونەرمەندی بەنێوبانگ عەباسی کەمەندی و ھونەرمەندی ناسراو فەردین سادق ئەیووبی کرد، کە ھەریەک لە د سالار عوسمان، جەمال حوسێن و کەژاڵ ئەحمەد رێزلێنانەکەیان پێشکەش کردن.
لە درێژەی چالاکییەکانی وەزارەت، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتیی لاوان سەردانی گەلەریی ھونەرمەندی ناسراو عوسمان نیک منشی کرد و بەشەکانی گەلەرییەکەی بەسەر کردنەوە و ھیوای سەرکەوتن و بەخششی زیاتری بۆ خواست.
شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وێڕای بەشداریکردن لە پانێلە ڕۆشنبیرییەکان، دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەشێکی دیار لە نووسەر و ھونەرمەند و ئەکادیمیستان ساز کرد و لە کۆتاییشدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستانیان کرد و، ڕێزلێنانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانیان پێشکەیش بە بەڕێوەبەری گشتی کرد و وێڕای سوپاس، ھیوای بەردەوامی و پتر ھەماھەنگی و سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
شاندهكهی وهزارهت پێكهاتبوو له، جەمال حوسێن بەڕێوەبەری گشتیی لاوان، پەروێز نیازی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری ھەڵەبجە، نامیق ھەورامی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەت، محهممهد کوردۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سلێمانی، نووسەر و ھونەرمەندان جەبار جەمال غەریب، کەژاڵ ئەحمەد، یاسین بەرزنجی، د ئەحمەد ئابڵاخی، بەھزاد حەوێزی، فەرزین کەریم و نەریمان جەعفەر.
kdp-
