سەرۆك بارزانی: ئەوەی لای ئێمە گرنگە دۆزی رەوای گەلەکەمانە
ئەمڕۆ یەکشەممە 14\10\2018، بارەگای بارزانی، لە راگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سەرۆك بارزانی، لە پیرمام لەگەڵ سەید عەممار حەکیم و شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی ئیسلاح، کۆبووەوە، لە دیدارەكەدا شاندی میوان، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند و جەختیان کردەوە کە عێراق پێویستی بە کردنەوەی پەڕەیەکی نوێی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە و پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردسان و بەغدا چارەسەر بکرێن.
هەروەها ڕایان گەیاند کە ئەوان پێشتریش تەئکیدیان کردووەتەوە پشتیوانیی لەو سێ بنەمایە دەکەن کە سەرۆک بارزانی وەک بنچینەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ناساندوویەتی، کە بریتین لە تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بە شاندی میوانی راگەیاند کە گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانەیە کە لە ڕابردوودا بەرانبەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان کراوە، بۆ ئەوەش پێویستە میکانیزمی ڕوون و گەرەنتیی پابەندبوون بە شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوافق و هاوسەنگی، هەبێت.
باسنيوز
