"كورد چەندین تێبینیی لەسەر ڕەشنووسی بودجە هەیە"
د. بەشیر حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی دارایی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ئامادە كردووە و پێویستە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و وردبینیی تێدا بكرێت ئەوكات رەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، بەڵام ئێمە كۆمەڵێك تێبینیمان لەسەر ھەیە، لەوانە پشكی كورد ١٢.٧% دانراوە و ناوی ھەرێمیش كراوەتە پارێزگاكانی باكووری عێراق، بۆیە ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران بەو شێوەیە بۆ ئێمەی رەوانە بكات، پێی رازی نابین و پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، لەبەر ئەوەی یاسایی و دەستووری نییە".
حەداد گوتیشی، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و تێیدا دەست بە پێكھێنانی لیژنەكان دەكرێت، هەروەها ھەر ئەمڕۆیش لیژنەی دارایی دروست دەكرێت.
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، تا ئێستا دیار نییە چەند لیژنە بەر كورد دەكەون، بەڵام ئەو لیژنانەی گرینگن بۆ كورد و لە بەرژەوەندیی كورددان، ھەوڵ دەدەن بچنە ئەو لیژنانە و ھەندێك لیژنە ھەن كورد خۆی بەشدارییان تێدا ناكات.
بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، داھات زیاتر لە ١٠٥ترلیۆن دینارە و خەرجییەكانیش ١٢٠ترلیۆن زیاترن، هەروەها كورتھێنانیش زیاتر لە ٢٢ترلیۆن دینارە و پشكی ھەرێمی كوردستانیش زیاتر لە ھەشت ترلیۆن دینارە، كە دەكاتە ١٢.٦٧%ی بودجە
kdp-
