وهزارهتی پێشمەرگە: داعش مەترسیی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان دروست كردووەتهوه
لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند كە گرووپی تیرۆریستی داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان وەرگرتووە و دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری جووڵەی تیرۆریستانی داعشین و بە وردی چاودێریی چالاكییەكانیان دەكەین، بەڵام نایشارینەوە چەكدارانی داعش سوودیان لەو سنوورانە بینیوە كە دەكەونە نێوان سەنگەرەكانی ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، بە ئاسانی داعش لەو نێوەندەدا ھاتوچۆ دەكات و چالاكییشیان ھەیە، بە داخەوە تا دێت چالاكیی گرووپی تیرۆریستیی داعش روو لە ھەڵكشانە".
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "چالاكیی تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا بریتییە لە نانەوەی بۆمب و دانانی خاڵی وەھمی و ھەڵكوتانە سەر گوندنشینان، بە تایبەتی ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و زیاتر چاودێری دەكەین، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن".
لیوا قارەمان ئاماژەی دا: "تا ئەو ناوچانەی نێوانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان بەو بۆشاییە بمێنێتەوە، رۆژ بە رۆژ رەوشی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت، چونكە ھێزە عێراقییەكان توانای كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكەیان نییە و رێگریشن لە چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە، پێمان وایە لە ئێستادا مەترسییەكی جیددیی داعش بۆ سەر ھەندێ ناوچەی كوردستانی ھەیە".
لەبارەی ژمارهی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، لیوا قارەمان گوتی: "ھەموو ئامارەكان پێشبینین، بۆ نموونە دەگوترێت ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئەوەندەیە و لە تكریت ژمارەیەك دەگوترێت، بەڵام ئامارێكی دروست و فەرمی لە بەردەستدا نییە و تەنیا ئێمە زانیاریمان ھەیە، ژمارەیەكی زۆر ھێشتا ماون و مەزندەی زیادبوونیان دەكرێت".
kdp-
