وه‌زاره‌تی پێشمەرگە: داعش مەترسیی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان دروست كردووەته‌وه‌

وه‌زاره‌تی پێشمەرگە: داعش مەترسیی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان دروست كردووەته‌وه‌
لە نیوەی ئەمساڵەدا، گرووپی تیرۆریستی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق سەری ھەڵداوەتەوە؛ بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەیش زانیاریی ده‌دا كە لە ئێستادا داعش خۆی رێك دەخاتەوە و مەترسیشی لەسەر چەند ناوچەیەكی كوردستانی دروست كردووە.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند كە گرووپی تیرۆریستی داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان وەرگرتووە و دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری جووڵەی تیرۆریستانی داعشین و بە وردی چاودێریی چالاكییەكانیان دەكەین، بەڵام نایشارینەوە چەكدارانی داعش سوودیان لەو سنوورانە بینیوە كە دەكەونە نێوان سەنگەرەكانی ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، بە ئاسانی داعش لەو نێوەندەدا ھاتوچۆ دەكات و چالاكییشیان ھەیە، بە داخەوە تا دێت چالاكیی گرووپی تیرۆریستیی داعش روو لە ھەڵكشانە".

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "چالاكیی تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا بریتییە لە نانەوەی بۆمب و دانانی خاڵی وەھمی و ھەڵكوتانە سەر گوندنشینان، بە تایبەتی ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و زیاتر چاودێری دەكەین، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن".

لیوا قارەمان ئاماژەی دا: "تا ئەو ناوچانەی نێوانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان بەو بۆشاییە بمێنێتەوە، رۆژ بە رۆژ رەوشی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت، چونكە ھێزە عێراقییەكان توانای كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكەیان نییە و رێگریشن لە چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە، پێمان وایە لە ئێستادا مەترسییەكی جیددیی داعش بۆ سەر ھەندێ ناوچەی كوردستانی ھەیە".

لەبارەی ژماره‌ی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، لیوا قارەمان گوتی: "ھەموو ئامارەكان پێشبینین، بۆ نموونە دەگوترێت ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئەوەندەیە و لە تكریت ژمارەیەك دەگوترێت، بەڵام ئامارێكی دروست و فەرمی لە بەردەستدا نییە و تەنیا ئێمە زانیاریمان ھەیە، ژمارەیەكی زۆر ھێشتا ماون و مەزندەی زیادبوونیان دەكرێت".
kdp-
Top