ڕێبوار تاڵەبانی: پێویستە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و بکەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش سزا بدرێن
ڕێبوار تاڵەبانی، سەروکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ساڵێک بەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێپەر بوو کە سەرۆکوەزیران بە سەرپێچی لە ماددەی ٩ی دەستووری عێراق دووبارە وەکو ڕژێمی پێشووی عێراق ھێزی بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسە سیاسییەکان بەکار ھێنا و لە جیاتی دەرکردنی داعش لە خواروی کەرکووک پێشمەرگە و دەسەڵاتی لە کەرکووک دەرکرد و دەسەڵاتی کەرکووکی کردە سەربازی و لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو داوام لە سەرۆکوەزیران کرد دۆخی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام وەڵامی نەبوو، بە ھەمان شێوە داواکاریم ئاراستەی سەرۆککۆمار و جێگرەکانی و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی کرد ئەوانیش وەڵامیان نەبوو."
ڕێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "لە دادگای فیدراڵی لە ١٥/٣ سکاڵایەکمان تۆمار کرد دژی سەرۆکوەزیران، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە و لە ماوەی ئەمساڵدا سەرۆکوەزیران بە ھاوکاریی چەند وەزیرێک و ئیدارەی نادەستووریی ئێستای کەرکووک دەستیان کردووە بە گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە کە ڕژێمی بەعس بە ٣٥ ساڵ نەیتوانی ئەوکارە بکات."
تاڵەبانی باسی لەوەش کرد: "لە ماوەی ئەو ساڵەدا سەدان کەس کوژران و١٥٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون، بە سوپاسەوە ھەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کردوون. جگە لەوەش، خەڵک دەستگیر کراون و ئەشکەنجە دراون و لەسەر ئینتیمای سیاسی لە دامودەزگاکان دەر کراون و٣٠ بەڕێوبەری دامودەزگاکانیش دەر کراون."
تاڵەبانی گوتیشی: "بۆ ئەوەی دۆخی کەرکووک خراپتر نەبێت داوا لە فراکسیۆنە کوردەکان دەکەم ئەم پرسە بخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمان و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت بۆ ئەوەی دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و دەسەڵاتی سەربازی نەمینێت و لێپێچینەوەش لەگەڵ ھەر کەسێک بکرێت کە بووەتە ھۆی ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەنجومەن کارا بکرێتەوە و دەسەڵاتی کەرکووک بکرێتەوە مەدەنی و ھەموو ئەو بڕیارانەی دراون ھەڵوەشێندرێنەوە کە دژی خەڵکی شاری کەرکووک دەکراون و خەڵکیش لە ڕووی مەعنەوی و ماددییەوە قەرەبوو بکرێنەوە."
kdp-
