وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پۆلیسی لە پەلاماردانی كەركووك لەلایەن داعشەوە ئاگادار كردووەتەوە

 	 وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پۆلیسی لە پەلاماردانی كەركووك لەلایەن داعشەوە ئاگادار كردووەتەوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق پۆلیسی كەركووكی بە نووسراوی فەرمی ئاگادار كردووەتەوە كە داعش نیازی پەلاماردانی كەركووكی هەیە، ئەمەیش بەڵگەیە كە دۆخی ئەمنیی ئەو شارە زۆر خراپە.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، رۆژ بە رۆژ دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك بەرەوخراپتر دەچێت و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعشیش لە ناوچەكە زیادی كردووە، هەروەها هێزە عێراقییەكانیش توانای كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەیان نییە و حەفتەی رابردوویش داعش ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی رفاندن و دواتریش هەموویانی گولـلەباران كرد.
لەو بارەیەوە، دڵشاد پیرۆت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك تێك چووە و داعش جارێكی دیكە لە ناوچەكەدا سەری هەڵداوەتەوە، بەرپرسانی ئەو شارەیش كە ئێستا خۆیان لەوێن، ئەوەیان پشتڕاست كردووەتەوە و جگە لەوەیش، وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوێكی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك كردووە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە، جموجۆڵی داعش لە دەوربەری كەركووك دەستی پێ كردووەتەوە و بەنیازن پەلاماری كەركووك بدەن".
پیرۆت گوتیشی، دیارە كە دۆخی كەركووك لە ڕووی ئەمنییەوە باش نییە و، بەرپرسانیش خۆیان ئەمەیان پشتڕاست كردووەتەوە و خۆیشیان هەستیان بەو مەترسییە كردووە.
ئەو هەروەها باسی لەوەیش كرد، باشترین چارە بۆ دۆخی كەركووك و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو شارە، ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دانیشێت و كێشەكان چارە بكرێن و، جارێكی دیكەیش هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكانی پێش 16ـی ئۆكتۆبەر، گەرنا بەو شێوە دۆخەكە چارە نابێت و، ئەو هێزانەی لەوێن ناتوانن دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.
لەبارەی پرۆسەی بەعەرەبكردنیشەوە راگەیاند، دوو جۆر هاووڵاتیی عەرەب لە ئێستادا دەگەڕێنەوە بۆ شاری كەركووك، بەشێكیان ئەو عەرەبانەن كە پێشتر بە هۆی بەعەرەبكردنەوە هاتبوونە كەركووك قەرەبووی 140ـیان وەرگرتووە و چوونەتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتبوون و ئێستایش دێنەوە بۆ كەركووك، ئەوانی دیكە ئاوارەی قەزای حەویجەن كە ئەوانیش دوای گرتنەوەی حەویجە چوونەتەوە شوێنی خۆیان ئێستایش دەگەڕێنەوە بۆ كەركووك، لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركووك - پردێ هەوڵی ئەوەیان داوە ئەو زەویانەی لە سەردەمی رژێمی سەددام وەریان گرتوون، دووبارە گرێبەستەكانیان بۆ نوێ بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بۆیان نەكراوە.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەزاران خێزانی عەرەب و حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی دیكەوە هاوردەی كەركووك و دەوروبەری كراون و، دەیانەوێ پیلانی بەعەرەبكردن جێبەجێ بكەن، لەم بارەیەوە ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك روونی كردەوە، "پڕۆسەی بەعەرەبكردن سەركەوتوو نابێت لە كەركووك، لەبەر ئەوەی سەددام حوسێن و رژێمەكەی 30 ساڵ تەعریبیان لە كەركووك ئەنجام دا و دواتر هەر سەری نەگرت، كەركووك پارێزگار و ئەنجوومەنی و ئیدارەی نییە و زۆر پێشێلكاری ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە، ئەو پیلانانە هەموویان هەڵدەوەشێنینەوە".
دڵشاد پیرۆت ئاماژەیشی دا، "هێز و چەك لە دەست ئەوانەیە كە ئیدارەی ئێستای كەركووك دەكەن، ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار لە هەولێر ئاوارەن، هەر كاتێك ئەو دەستەڵاتە نەما، بێگومان گۆڕانكاری بەسەر ئیدارەی ئێستای شاری كەركووكدا دێت و ئەوانە چییان دەوێ پیلانەكانیان جێبەجێ دەكەن".
kdp-
Top