"كۆمپانیای نوێ بۆ كاركردن دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان"

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كۆمپانیای نوێی بیانی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ كاركردن و ده‌شڵێ، تۆماركردنی كۆمپانیاكان به ‌سیستەمی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌.
دلزار ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان به ‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تۆماركردنی كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و هه‌ندێ كۆمپانیای وڵاتی لوبنان و ئیمارات ئێستا دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یانه‌وێ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنیی نوێ بۆ خۆتۆماركردنی كۆمپانیاكان دانراوه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، هه‌موو كۆمپانیایه‌ك ده‌توانێ به‌و ڕێگایه‌ خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار بكات، هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو."

له‌ هه‌رێمی كوردستان 23 هه‌زار كۆمپانیای ناوخۆیی و دوو هه‌زار كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون، كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی جیاواز جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

دلزار ئیسماعیل ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "له ‌دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ كاركردن، ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌ماوه‌ له ‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌، چونكه‌ شه‌ڕی داعش كۆتایی هاتووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌ریی ڕووداوه‌كانی داگیركاریی عێراقیش كه‌متر بووەته‌وه‌ له‌ مانگه‌كانی پێشوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێشبینی هاتنی كۆمپانیای زیاتری بیانی ده‌كه‌ین."
kdp-
Top