ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کردنەوەی رێگاکان نووسراوێک ئاراستەی بەغدا دەکات

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کردنەوەی رێگاکان نووسراوێک ئاراستەی بەغدا دەکات
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر نووسراوێك ئاراستەی حکومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و داوادەكات چارەسەرێك بۆ گرفتی رێگاكانی هەولێر - كەركووك و هەولێر - مەخموور بدۆزرێتەوە.


عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، رۆژی یەکشەممە 25-2-2018، دوو نووسراوی ئاراستەی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە. لە بەشێكی نووسراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە داخستنی ئەو دوو رێگایە هاونیشتمانیانی تووشی نیگەرانی‌ و بارگرانی زۆر كردووە، زۆرجاریش بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی خەڵكی بەتایبەت كەسانی نەخۆش.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، داخستنی ئەو رێگایانە بووەتە هۆی وەستاندنی كاری بازرگانی، بۆیە داوا لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە چارەسەرێك بۆ ئەو گرفتە بدۆزێتەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوای کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریشی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

لەدانیشتنی رۆژی سێشەممە 20 -2-2018 ی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە كۆی دەنگ داوای كردنەوەی رێگاكانی هەولێر - كەركووك ‌و هەولێر - مەخموور كرا.
لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 كاتێك حەشدی شەعبی ‌و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر كەركووك ناوچە كێشە لەسەرەكان، رێگای هەولێر - كەركووك ‌و هەولێر - مەخموور داخران ‌و تاوەكو ئێستاش نەكراونەتەوە.

سێ رۆژ پێش ئێستا کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک لەبارەی کردنەوەی رێگاکان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا رێگای نێوان هەولێر - کەرکووک و هەولێر - مەخموور و تەواوی ئەو رێگایانە دەکرێنەوە کە پەیوەندییان بە ژیانی هاونیشتمانییانەوە هەیە." گوتیشی: " هێزەکانی پێشمەرگە بەمەبەستی پاراستنی شوێنەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە".

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراق تاوەکو چەند بەدەمەوەهاتنی هەیە بۆ کردنەوەی رێگاکان، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک گوتی: "ئێمە لەلای خۆمانەوە رێگاکان دەکەینەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان."

لەبارەی هەمان پرس هەفتەی رابردوو تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە هۆكاری داخستنی ئەو رێگایانە نین. ئەو رێگایانە بەهۆی شەڕەوە تێکچوونە. بەتایبەت رێگای هەولێر - کەرکووک لە نزیك شارۆچكەی پردێ‌ تێكچووە ‌و پردەكە تەقێنراوەتەوە. پێویستە لە هەنگاوی یەكەمدا حكومەتی عێراق ئەو رێگایە چاكبكاتەوە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر باسی لەوەش کرد کە تەنیا چاكکردنەوەی پرد ‌و رێگاكان نابێتە هۆی كردنەوەی رێگاكان ‌و گوتی: "بۆ كردنەوەی رێگاكان ‌و ئاساییبوونەوەی هاتووچۆ پێویستە حكومەتی عێراق چەند هەنگاوێك بنێت،‌ لەوانە كردنەوەی فڕۆكەخانەكان ‌و نەمانی ئەو دۆخە سەربازییەی لە مەخموور ‌و پردێ‌ دروستیكردووە. هەر كاتێك حكومەتی عێراق ئەو هەنگاوانەی نا، ئەوكاتە كردنەوەی رێگاکان ئاسانە".
rudaw -
Top