ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: سبه‌ی نووسراوێك ئاڕاستەی عەبادی دەكه‌ین

 	 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: سبه‌ی نووسراوێك ئاڕاستەی عەبادی دەكه‌ین
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر پێشنیازی ئەوان، حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندییان لەبارەی كردنەوەی هەردوو رێگای كەركووك و مەخموور نیشان داوە، بۆ كردنەوەی رێگاكان و فڕگەی هەولێریش، سبەی نووسراوێك ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەن.

لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا، بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەن پێشنیازێك پەسەند كرا بۆ ئەوەی هەردوو رێگای هاتوچۆی نێوان هەلێر بۆ مەخموور و هەولێر بۆ كەركووك بكرێنەوە و، دواشیان لە حكوومەت كرد هەرچی زووترە ئەو رێگیانە بكاتەوە، چونكە لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە ئەو رێگایانە داخراون.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای پێشنیازی ئێمە، وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و بڕیاری كردنەوەی هەردوو رێگای هەولێر بۆ مەخموور و كەركووك بكرێنەوە، بڕیارەكەیش تاكلایەنەیە و بڕیارە هەر ئەم حەفتەیەیش رێكاری كردنەوەی رێگاكان بگرنە بەر و بكرێنەوە، بۆیە پێشنیازەكەی ئێمە پەسەند كراوە".

لەبارەی ناوەڕۆكی نووسراوەكەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، "نووسراوێكمان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئامادە كردووە و بڕیارە سبەی رەوانەی بەغدای بكەین، كە لە نووسراوەكەدا داوامان كردووە ئەوانیش رەزامەندی نیشان بدەن ئەو رێگایانە لە پێناو خەڵكی ئەو ناوچانەدا بكرێنەوە، ئەمە جگە لەوەی پێشنیاز دەكەین فڕگەی هەولێریش بكرێتەوە" .
kdp-
Top