رۆبه‌رت فیسك: ئه‌سه‌د ده‌یه‌وێ پێگه‌ی كورد و ئه‌مریكا لاواز بكات
نووسه‌ر دڵنیایی ده‌داته خوێنه‌ر به‌وه‌ی سوپای سووریا دوای غوته به‌ره‌و ئیدلیب پێشڕه‌ی ده‌كات، له دوای ئیدلیبیش پلانی هه‌یه تا بوونی كورد و ئه‌مریكا له سووریا كه‌م بكاته‌وه، ئیدی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بسه‌پێنێت.
باسی له‌وه‌ش كردووه، ره‌نگه یه‌كێك له ئامانجه‌كانی سووریا بۆ چوونه ناو عه‌فرین و پاڵپشتیكردنی یه‌په‌گه، هه‌ر ئه‌وه بێت كه ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كاندا زاڵ بێت و پێگه‌ی ئه‌مریكا كه‌م بكاته‌وه، هه‌روه‌ها نێوانی ئه‌مریكا و توركیا زیاتر تێك بدات.
به گوێره‌ی ئه‌و تابلۆیه‌ی فیسك كێشاویه‌تی، توركیا فێڵی لێ كراوه له لایه‌ن سووریا و رووسیاوه، چونكه پێشتر به گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ رووسیای كردبوو، چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره و ئه‌حرار شام كه به‌یعه‌تیان به به توركیا داوه و 20 هه‌زار چه‌كدارن له ئیدلیب بكشێنه‌وه و سوپای سووریا جێگه‌یان بگرێته‌وه، له به‌رامبه‌ردا رووسیا عه‌فرین بۆ توركیا جێ بهێڵێت و پشتی یه‌په‌گه به‌ر بدات. به‌ڵام ده‌بینین، كه توركیا خراوه‌ته ناو شه‌ڕی عه‌فرین و ناچار كراوه زۆرێك له چه‌كداره میلیشیاكانی ناو ئیدلیب بگوازێته‌وه بۆ به‌ره‌ی عه‌فرین، به‌مه‌ش سوپای سووریا ئاسانتر ده‌توانێت شه‌ڕی ئیدلیب بكات، له لایه‌كی تریشه‌وه، سوپای سووریا بۆ پاڵپشتیكردنی یه‌په‌گه رووبه‌رووی توركیا ده‌بێته‌وه له عه‌فرین و نایه‌ڵێ ئه‌و شارۆچكه‌یه بكه‌وێته ده‌ست توركیا. كه‌واته توركیا ئیدلیبیشی ده‌ڕوات و، ناتوانێت عه‌فرینیش داگیر بكات.
باسنيوز
