نامەیەکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی ئاشکرا دەبێ

 نامەیەکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی ئاشکرا دەبێ
باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەرکردە سەربەخۆخوازەکان لە حزبەکەیان دوور بخەنەوە، داوا دەکەن لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بەپەلە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکە بکرێت.



هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەنجام نەدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ بڕیاردان لە چەسپاندنی رۆژی كۆنگرە، بووەتە مایەی نیگەرانیی خۆم و هەموو جەماوەری یەكێتی“.





هاوکات هۆشداری داوە و وتوویەتی: ”بۆ دواجار وەك خوشكێك داوات لێ دەكەم كە بەزووترین كات ئەو كۆبوونەوەیە سازبكرێت“.



هەر لە نامەکەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هیوای خواستووە، بەرپرسیارێتیی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات، تاوەکوو ناوی ”وەك هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام و یەكێتی“ نەچێتە لاپەڕەكای مێژووەوە.



کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی سبەی یەکشەممەی 25/2/2018ی وەک دوایین ڕۆژ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی دیاری کردووە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر تا ئەو کاتە بڕیار لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەدات، ”ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی مێژوویی“ دەبێتەوە.


باسنیوز
Top