عەلی عەونی: گۆڕان به‌ناوى ئۆپۆزسیۆن بوونه‌وه‌ فه‌رهه‌نگى جنێودانى داهێنا

 عەلی عەونی: گۆڕان به‌ناوى ئۆپۆزسیۆن بوونه‌وه‌ فه‌رهه‌نگى جنێودانى داهێنا
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی، له‌وه‌ڵامى كاردانه‌وه‌كان و پاڵپشتیكردنى رووداوه‌كه‌ى به‌رده‌م په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا، ڕای دەگەیەنێت، ئەو بەناو نووسەرانەی پاڵپشتی سوکایەتی پێکردن و دنێودانه‌كه‌ى هه‌ڵسووڕاوه‌كانى گۆڕان ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن بیانوویان بۆ خیانه‌ته‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌هێنایه‌وه‌.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی لەبارەی رووداوه‌كه‌ى به‌رده‌م پەرلەمانی ئەورووپا لەلایەن دوو هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ڕايگەیاند: "گۆڕان بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە داهێنانی لە جوێندان و بێڕێزیکردن و نەهێشتنی هەندێ پرەنسیپ لە ناو کۆمەڵگەدا کردووە، ئەگەر ڕاستبێ و نەوزاد هادی گەندەڵبێ ئەوا دادگا و یاسا هەیە، نەک چەقۆ کێش و شەلاتیی بچنە پێشی و ناوبانگی کوردستان ناشیرین بکەن".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌: "نه‌وزاد هادى، هاوڵاتییەکى ئاسایی نییە، بەڵکو نوێنه‌رى حزبێکی سیاسییە، لەگەڵ حزبیش پێویستە پێشبڕکێی سیاسی بکرێت، نەک بەشەق وەشێن پێشبڕكێ بكه‌یت".

عەلی عەونی، لەبارەی نوسینی ئەو چالاكوان و نووسەرانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاڵپشتی ئەو سوکایەتییە ده‌كه‌ن، گوتی: "ئەوانە نووسەر نین، بەڵکو 9 سەرن و قەڵەم فرۆشن، ئەوانەن کە بەڕاستی بوون به‌هۆکاری ئەوەی بەهای نیشتمانی و نەتەوەییبوون و وڵات پاراستن و قوربانی دان نەمێنێت، هه‌ر ئه‌وانه‌ن بیانوویان بۆ خیانه‌تى 16ى ئۆکتۆبەر و خۆفرۆشتن و فرۆشتنی کەرکووک ده‌هێنایه‌وه‌، بەداخەوە ئابروی قەڵەم و پیرۆزی نوسینیشیان بردووە".

ڕۆژى پێنجشەممە 22/2/2018، سێ هەڵسوڕاوی گۆڕان لەبەردەم بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا، قسەی نەشیاویان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرد، بەو هۆیەوە لەلایەن دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا وەڵام درانەوە و دواتر مشتومڕی زیاتر دروست بوو.










باسنيوز
Top