بەرپرسێکی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی: بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەنگەکانمان کەم دەکات

 بەرپرسێکی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی: بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەنگەکانمان کەم دەکات
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەر، دەنگەکانی حزبەکە لە کەرکووک کەم دەکەن.



ڕەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، ڕاگەیاند: "بەھۆی ڕووداواکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کێشە و گرفتمان زۆرە و خەڵکێکی زۆر لە کوردەکانی ناوچەکە دەربەدەر بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی کەرکووک ئاڵۆزیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ھەوڵی ئەوە دەدەین کە بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە".



ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ”دەنگەکانمان کەم دەبن، ھەرچەندە لیستە کوردستانییەکان بە جیا بەشداریی ھەڵبژاردنەکانیان کردووە، بەڵام ئێمە ئومێدەوارین مافەکانی کورد بەدەست بھێنین".



هەرچەندە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی باس لە کەمبوونەوەی دەنگەکانی حزبەکەی بەهۆی ڕووداوی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات، بەڵام نایشارێتەوە: "گەشبینین بەوەی کە جارێکی دیکە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شاری کەرکووک و بێگومان ھەوڵیشی بۆ دەدەین، بەڵام ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، چونکە دەبێ ئێمە لەگەڵ بەغدا بکەوینەوە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکەین، ھەرچەندە عێراق و ئەمریکا داوای ئەوەیان کردووە کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان پێک بھێندرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو کارە جێبەجێ نەکراوە".




باسنیوز
Top