بەغدا ١٣٠٠ خێزانی دیکەی عەرەب دێنێتە سنووری خانەقین

 	 بەغدا ١٣٠٠ خێزانی دیکەی عەرەب دێنێتە سنووری خانەقین
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری خانەقین گوتی، ئەمڕۆ بڕیاری گەڕانەوە ی ھەزار و٣٠٠ خێزانی عەرەب دەرچووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سنووری خانەقین، بەتایبەت ناحیەی جەلەولا، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە لە ھەڵبژاردنەکان دەنگ بدەن و دەنگی کوردیش کەم بکەن.



لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پرۆسەی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و لە سنووری خانەقینیش بە پێی پلانێکی دارێژراو بەردەوام عەرەب ھاوردەی ناوچەکە دەکرێن و دەست بەسەر موڵک و زەویی کوردەکاندا دەگرن و ھەڕەشەش لە کورد دەکەن، ناوچەکە چۆڵ بکەن.



لەم بارەیەوە، عەدنان مەنسوور، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی١٤٠ لە خانەقین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە ٢ ھەزار خێزانی کرووی گەڕاونەتەوە بۆ خانەقین و جەلەولا و دەستیان بەسەر موڵک و زەویی کورددا گرتووە، ئەمانە لە کاتی ھاتنی داعش دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو و دەستیان بە خوێنی خەڵکی ناوچەکە سوور بووە و دواتریش لە ترسی گەڕانەوەی کورد ھەمووان ڕایان کرد و ئێستاش پارێزگاری دیالە پشتگیریاین دەکات بۆ گەڕانەوە."



عەدنان مەنسوور گوتیشی: "ئەو عەرەبانە کە دەگەڕێنەوە، ھەموویان پێشتر بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو کراونەتەوە و تەنانەت قەرەبووی بیرە ئاو و داروباریشیان وەرگرتووە و زەوییەکانیش ھی کوردە و تاپۆیان پێیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد ئێستا دەسەڵاتی نییە، بۆیە بەزۆر لە کوردی وەردەگرنەوە."



عامر ڕەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە سەعدیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە لایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی دیالەوە فەرمانی گەڕانەوەی ھەزار و٣٠٠ خێزانی عەرەب دەرچووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سنووری خانەقین، بەتایبەت جەلەولا و باجیان بۆ دروست کراوە و بەشێکیان ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە و ئەوانەی دیکەش لە ڕۆژانی دابێدا دەگەڕێنەوە."



عامر ڕەفعەت گوتی: "مەبەست لەو کارەش بۆ تەعریبکردنە و دەیانەوێ لە ھەڵبژاردنی دابێدا دەنگ بدەن و دەنگی عەرەب زیاد بکات و دەنگی کوردیش کەم بکاتەوە، بۆیە ئەمە زۆر مەترسیدارە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت."



عامر ڕەفعەت گوتیشی: "بەشێک لەو عەرەبانەی گەڕاونەتەوە، کرووین، کاتی خۆی دەستیان لەگەڵ داعش ھەبووە و ئێستا دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە."
kdp-
Top