11 ھەزار و 141 پارچە زەوی بە كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەدرێت

11 ھەزار و 141 پارچە زەوی بە كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەدرێت
بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بە دابەشكردنی 11 هەزار و 141 پارچەزەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیدا.

ئەمڕۆ لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان مەحموود حاجی ساڵح، ڕایگەیاند، "بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، 11 هەزار و 141 پارچەزەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی، كەسوكاری شەهیدانی سەنگەر و ئەنفالكراواندا دابەش دەكرێن".

بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەرەڤان حەمدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێكدا بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دابەشكردنی 11 هەزار و 141 پارچەزەوی درا" .

بە گوێرەی زانیارییەكان، 5 هەزار و 69 پارچەزەوی بۆ ڕاگیراوانی سیاسیی ڕزگاربووی شاڵاوەكانی ئەنفالن، 3 هەزار و 398 پارچەزەوی بۆ شەهیدانی سەنگەری جینۆساید و، هەروەها 2 هەزار و 674 پارچەزەوییش بۆ زیندانیانی سیاسین، ئەم فەرمانەیش لە دەرئەنجامی ئەو نووسراوانە بوو كە وەزارەتی كاروباری شەهیدان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردبوو، بەوەی كە ئەمانە مافی وەرگرتنی پارچەزەوییان هەیە."

حەمدی گوتیشی، "بەپێی هەردوو یاسای ژمارە 9ـی ماف و ئیمتیازاتەكانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان ژمارە 11ـی زیندانیانی سیاسی، وەزارەتی شەهیدان بەدواداچوون بۆ ئەم كەسانە دەكات كە زەوییان پێ دەدرێـت، چونكە نابێ تا ئێستا سوودمەند بووبن".

دوای وردبینیكردن، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندییان دا، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش ناوی ئەو كەسانە دەنێریت بۆ وەزارەتی شارەوانی، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ دابین بكرێـت لەسەر ئاستی پارێزگا و شار و شارەدێیەكان بەپێی دیاریكردنی سنووری جوگرافیی هەر كەسێك.

وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، لە كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەیشی دا، "پێشتر فەمانێكی دیكە بۆ دابەشكردنی 10 هەزار پارچەزەوی بۆ كەسو كاری شەهیدان هەبووە."
kdp-
Top