ئەندامێكی ئەنجومەنی شنگال: تا میلیشیاكان لە شنگال بن ناگەڕێنەوە بۆ شارەكە

 ئەندامێكی ئەنجومەنی شنگال: تا میلیشیاكان لە شنگال بن ناگەڕێنەوە بۆ شارەكە
ئەندامێكی ئەنجومەنی شاری شنگال ڕای دەگەیەنێت، تاكوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شنگال بن، ناگەڕێنەوە بۆ شارەكە.

حەسەن عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای شنگال، ڕای گەیاند: "حكوومەتی عێراق داوای لێكردووین، وەك ئیدارەی شەرعی شنگال بگەڕێنەوە بۆ شنگال و دەست بە كارەكانی خۆمان بكەینەوە، بەڵام ئێمە ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونكە دۆخی ئەمنی شنگال ئێستا باش نییە، لەبەر ئەوەی چەندین گرووپی چەكداری لەناو شنگال هەیە و ئێمە ناتوانین تەنانەت فشار بخەینە سەر فەرمانبەران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شنگال".

ڕوونیشی كردەوە، داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بۆ ئەوەی گرووپە چەكدارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بڕیارەكانیان لەسەر خەڵك جێبەجێ نەكەن و ئەگەر بتوانرێت دۆخی شنگال لەڕووی ئەمنییەوە باش بكرێت، ئەو كاتە ئێمە دەتوانین بگەڕێنەوە بۆ شنگال.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی شاری شنگال، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێمە ناتوانین لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا بین و ئەوان بە ئارەزووی خۆیان بڕیارمان لەسەر جێبەجێ بكەن، چونكە ئەوە قبووڵ ناكەین و ئێمە ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ شنگال تاكوو میلشیاكان لە شارەكە بمێنن.










(باسنیوز)
Top