بەهۆی لاوازیی هێزە عێراقییەکان خەڵکی کەرکووک خۆیان پارێزگاری لە ماڵەکانیان دەکەن

 بەهۆی لاوازیی هێزە عێراقییەکان خەڵکی کەرکووک خۆیان پارێزگاری لە ماڵەکانیان دەکەن
دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و تێكچوونی بارودۆخی ئەمنیی شارەكە، دیاردەی دزیكردن و هەڵكوتانە سەرماڵان زیادی كردووە، بە جۆرێك هاووڵاتیان خۆیان بە نۆرە شەوانە لەبەردەم دەرگای ماڵەكانیان پارێزگاری لە كۆڵان و دراوسێكانیان دەكەن .

ئارام محەمەد كە هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی گەڕەكی "ڕەحیم‌ئاوا"ی شاری كەركووكە ڕایگەیاند: "دوای 16ی ئۆكتۆبەر دیاردەی دزیكردن لە ماڵان و هەڵكوتانە سەری زۆر زیادی كردووە، بەتایبەت لە گەڕەكە كوردییەكان کە لەلایەن گرووپ و كەسانێكەوە بەجلی سەربازی کە زۆربەیان عەرەبن و كوردیشیان تێدا بووە، ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئیدارەی شارەكە ناتوانێت سەرۆماڵی هاووڵاتیانی كورد بپارێزێت".

ئەو هاووڵاتییەی شاری كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوەش دا: "دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك بە جۆرێك خراپ بووە، گەنجان و خەڵك ناتوانن شەوانە لە 9 بەدواوە لە دەرەوە بن، بەهۆی هەڕەشەی گرووپەکانەوە دانیشتوانی كۆڵانەكان بەپێی ڕێكکەوتن بۆ ڕێگری لە دزیكردن و هەڵكوتانە سەر ماڵان، پاسەوانی ماڵەکانیان دەكەن".

بە وتەی هاووڵاتیانی كەركووك پێش خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، ئەمنیەتی شاری كەركووك پارێزراو بووە و هاووڵاتیانی كورد سەروماڵیان زیاتر پارێزرابوو، بەڵام ماوەی چوار مانگە و دوای داگیركردنی لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە، بە هەزران بنەماڵە بەهۆی خراپیی ڕەوشی ئەمنییەوە، شارەكەیان بەجێ هێشتووە"

لای هاوکات ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: "دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی ئەمنیی شارەكە زۆر خراپ بووە و هەرچەندە بووەتە عەسكەرتارییەتیش، بەڵام نەتواندراوە پارێزگاری لە سەر و ماڵی هاووڵاتیانی كورد بكرێت، لە كاتێكدا پێش ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی ئەمنیی شارەكە بەو شێوەیە نەبوو"

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "لە دادگای فیدراڵیدا سكاڵامان تۆمار كردووە و داوای قەرەبوو لە حكوومەتی عێراق كراوە كە قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە بكرێتەوە، كە ماڵەكانیان بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زیانی بەركەوتووە، یاخود لەم چوار مانگەدا ناسەقامگیرتر بووە."

لە ماوەی ئەم چوارمانگی داگیركردنی پارێزگای كەركووك و ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپاوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك 13 سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمار كردووە کە هەموویان بەهۆی پێشێلكردنی یاسا و دەستوورەوە بووە"

دوای ئەم ڕووداوەنەش دۆخی ئەمنیی كەركووك ئاسایی نەكراوەتەوە و تا ئێستا سوپا و حەشدی شەعبی لەناو شارەكە ماون و ئیدارەی ئەنجومەنی پارێزگا نەگەڕاوەتەوە و دۆخی ئەمنیی شارەكەش بۆ كورد ڕوژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت".








(باسنیوز)
Top