چاودێرێکی سیاسی: سروە عەبدولواحید سیاسەتی گۆڕانی پیادە کردووە

 چاودێرێکی سیاسی: سروە عەبدولواحید سیاسەتی گۆڕانی پیادە کردووە
چاودێرێکی سیاسی ئاشکرای کرد کە سروە عەبدولواحید لە چوارچێوەی پیادەکردنی سیاسەتی گۆڕاندا، چووەتە نێو لیستەکەی عەبادی لە بەغدا و هەر لەو چوارچێوەیەش کشاوەتەوە.



سۆران سێوەکانی، نووسەر و شارەزا لە بواری ئیسلامی سیاسی، ڕاگەیاند، کاتێک سروە عەبدولواحید، چوەتە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی حەیدەر عەبادی، ”خیانەتی لە بزووتنەوەی گۆڕان نەکردووە، بەڵکو ئەو پەرلەمانتارە ئایدیای بزووتنەوەی گۆڕانی پیادە کردووە، چونکە کاتێک سروە عەبدولواحید لە بەغدا ناماقوڵی کردووە و دژی کورد قسەی کردووە، بزووتنەوەی گۆڕان لە گوڵ کاڵتری پێ نەگوت، بەڵکو کردویەتی بەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی، کەواتە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی ئەفکاری سروە عەبدولواحیدی ھەیە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لەو کاتەوەی دروست بووە، عێراقچیەتی کردووە و دژی نەتەوەی کورد قسەی کردووە، جگە لەوەی کاری بۆ کاڵکردنەوەی پرسە نەتەوەییەکان کردووە، چونکە لەکاتی ھێرشەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بۆ سەر شاری کەرکووک، ”بزووتنەوەی گۆڕان بەو ھێرشانە خۆشحاڵ بوون“. گوتیشی: ”لە کاتی هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ بازگەی پردێ، کەناڵی (KNN) کە زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەوەی بڵاو کردەوە کە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی لە بەردەم چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ھەڵھاتوون، دواجار پەیامی لەو شێوەیە لەڕێگەی میدیاکانەوە ئاماژەیە بەوەی کە گۆڕان دژی پرسە نەتەوەییەکان جووڵاوەتەوە“.





باسنیوز
Top