بەرپرسێكی پارتی: بایكۆتی ھەڵبژاردنەكان لە كەركووك، وەڵامێكی باش دەبوو بۆ رای گشتی و جیهان
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە ھەوڵی دابەشكردنی پۆستەكان لە كەركووك بە رێژەی ٣٢% شكستیان برد، لە ئێستادا عەرەبەكان دەستیان كردووە بە لادانی بەرپرسە كوردەكان و بەردەوامیش كاری بۆ دەكەن، چونكە دەیانەوێت كورد لەو شارە لاواز بكەن، بەڵام پێشتر ھەر بەرپرسێك لادرابووایە، ئەنجوومەن دەنگی لەسەر دەدا و دواتر رەوانەی بەغدا دەكرا بۆ پەسەندكردنی" .
حوسێن گوتیشی، زۆرینەی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكان كوردن، لەوانە پردێ، لەیلان، رەشاد و داقووق، بۆیە كورد زۆرینەیە لەو شارە و، ئێستایش ئەوان دەیانەوێت بیكەنە كەمینە.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "ئەوان ھەر لە ئێستاوە بەو شێوەیە گۆڕانكاری بە ئارەزووی خۆیان دەكەن، بۆیە گومانی تێدا نییە لە ھەڵبژاردنەكانیشدا سندووقەكان بۆ خۆیان پڕ دەكەنەوە، هەر لەبەر ئەوەیش پارتی بایكۆتی ھەڵبژاردنی لەو ناوچەیەدا كرد، چونكە دەزانێت بەم حاڵەوە كورد ئەو رێژە دەنگە ناھێنێت و كێشە بۆ كورد دورست دەبێت، بەشدارینەكردنی كوردیش دەبووە وەڵامێكی باش بۆ رای گشتی و جیھان كە ئەو شارە داگیر كراوە".
ئەو، هەروەها دەشڵێت، "ئەگەر كورد لە كەركووك بەشداری لەو ھەڵبژاردنانەدا نەكردایە، زۆر باش دەبوو، چونكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش حیسابی بۆ دەكرا و دەیانزانی كورد بەو دۆخە رازی نییە، بەڵام كە بەشداری بكەین و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان سندووق پڕ بكەنەوە، دەبنە زۆرینە، جگە لەوەیش عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بێننە كەركووك، ئەمە بەعەرەبكردنێكی دیكەیە، ھەر چەندە ئێمە ئەمانەمان ھەمووی بە تێبینی داوە بە وڵاتان، بەڵام باشتر بوو بەشداری نەكەین."
kdp-
