لە سووریا سێ ڕفێنراوی كوردى ئێزدی ڕزگار كران
عەبدوڵا شەریم، یەكێكە لەو كەسانەی كە كار بۆ ڕزگاركردنی هاووڵاتییانی ڕفێنراوی ئێزدی دەكات، ڕایگەیاند: "سێ لە ڕفێنراوانی ئێزدی بە ناوەكانی خیتام غانم عەباس، تەمەن 14 ساڵ و دڵشاد فەرمان، تەمەن شەش ساڵ و زینە ئیسماعیل، لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە سووریا ڕزگار كران و ئێستا گەیشتوونەتە ناو كەسوكاری خۆیان".
ئاشكراشی كرد، هەرسێ ڕزگاركراوەكە خەڵكی تەل قەسەب و كوچۆن، بەڵام ئێستا لەگەڵ كەسوكارەكانیان لە كەمپی ئاوارەكانن لە سنووری پارێزگای دهۆك.
گوتیشی: "بە هاوكاری و پشتیوانی نووسینگەی ڕزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی هەوڵەكان بەردەوامە بۆ ڕزگاركردنی هەموو ڕفێنراوانی دیكەی ئێزدی لە هەر شوێنێك بن".
پێشتر ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ناسراوی كوردی ئێزدی، لە دیمانەیەكدا ڕای گەیاندبوو: "زیاتر لە 3200 كوردی ئێزدی كە پێشتر لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنرابوون، تاكوو ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
لە ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش شاری شنگالیان داگیر كرد و پاشان بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی، هێزەكانی پێشمەرگە توانیان شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكاتەوە، بەڵام تیرۆریستانی داعش هەزاران ئێزدییان بەرەو سووریا لەگەڵ خۆیاندا ڕفاند.
(باسنیوز)
