بەرپرسێکی یەکێتی: ئاڵا تاڵەبانی بەو خۆکاندیدکردنەی تاجی سەرشۆڕی خستە سەری
حەمید سۆران، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتیی لە شارەدێی مەیدان لە سنوری گەرمیان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: " ئـاڵا تاڵەبانی (ئەسەد)یش چووە ڕیزی خۆفرۆشان و خیانەتکارانەوە و تاجی سەرشۆڕی خستەسەری کە لە لیستی دەرەوەی حیزبەکەی خۆی کاندید کردووە، لە کاتێکدا ئەم خانمە خائینە، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە و بە دەنگی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی بووە بە ئەندامی سەرکردایەتی و بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق“.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت کە لە کام لۆژیکدا تۆ ئەندامی سەرکردایەتیی حزبێک بێت، کەچی لەنێو حزبێکی دیکەدا خۆی کاندید دەکات. دەشڵێت: ”ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، کەواتە ئاساییە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیش دەنگ بە کاندیدی عەرەب و کورد بدەن لە لیستێکی تردا“.
ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم خۆکاندیدکردنە ”ئەوپەڕی بێ متمانەیی بە حزبەکەی“ دەگەیەنێت کە ئەندامی سەرکردایەتیی حزبێک، لە ناو حزبێکی تر خۆی کاندید بکات.
حەمید سۆران بە پێویستی زانیوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ”بەزووترین کات ھەڵوێستی توند“ بەرامبەر بە ئاڵا تاڵەبانی وەربگرێت و ”لە ڕیزەکانی یەکێتی دووری بخاتەوە“. ئەوەش ناشارێتەوە: ”ئەگەر ئیجرائاتی توندی بەرامبەر نەکرێت، بێ گومان ئیتر ھیچ کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستێکی یەکێتی، باوەڕی بە کاندیدەکانی یەکێتی نامێنێت و دەڵێن، بۆچی دەنگیان پێ بدەین، ئەمانەش لە داھاتوودا، خیانەت لە دەنگدەران و میللەتەکەی خۆیان دەکەن و دەچنە ڕیزی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە“.
ھەر لەمباریەوە (باسنیوز) پەیوەندی بە حەمید سۆران، بەرپرسی کۆمیتەی مەیدان لە گەرمیان کرد و ئاماژەی بەوە کرد: ”ئەوەی کە لە هەژماری خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیومە، لەبارەی خۆ کاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لە لیستێکی جیا لە لیستی یەکێتی، لێی پەشیمان نیم".
باسنیوز
