هێمن هەورامی: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم تەنیا لەدەست گەلی کوردستانە

 هێمن هەورامی: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم تەنیا لەدەست گەلی کوردستانە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، زۆرجار داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم دەکرێت، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم تەنیا لە دەسەڵاتی گەلی کوردستان دایە.

ئەمڕۆ سێشەممە 20/2/2018، هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا بە ناوی (چارەنووسی کورد پرسێکی سەرەکییە) کە لە کۆڕبەندی ڤاڵدای بۆ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووسیا بەڕێوە چوو، ئاماژەی بەوە کرد: ”چەندین جار داوای ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم کراوە، بەڵام ئەو کارە تەنیا مافی گەلی کوردە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی عێراق 55 ماددەی دەستووری پێشێل کردووە و ”هەمیشە کورد بووەتە قوربانی و هیچ کاتێک بەغدا مافەکانی بە کورد نەداوە“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەوان هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە، هەر چوار پارچەی کوردستان بە شێوەیەکی جیا کار بکات، چونکە ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لەبارە، ڕەنگە لە پارچەکانی دیکە جیاواز بێت، ”تاوەکوو کێشەیەکی گشتگیر لە ناوچەکانی دیکە دروست نەکەین. ئێمە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان کارمان کردووە“.

لەبارەی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە لە 25/9/2017 بەڕێوە چوو، هێمن هەورامی ڕای گەیاند: ”ڕەخنەمان لێ گیرا کە کاتەکە بۆ ڕیفراندۆم لەبار نەبوو، ئەی دوای چەندین ساڵ هەوڵ و کۆشش، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێ پێمان بڵێت کەی کاتێکی لەبارە؟ پێش ڕیفراندۆمیش ستراتیژی سەرەکیی ئێمە ئەوە بووە بەردەوام لە دیالۆگ بین لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، ئێستا ئەوەی قۆناغی داهاتوو بۆ ئێمە ئەوەیە کە سێ بژاردەی گرنگمان لەبەردەمە، یەکەم بەردەوام بین لە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کێشەکانی پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم. دووەم خۆمان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادە بکەین کە هەڵبژاردنێکی گرنگ دەبێت، چونکە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاواز بووەتەوە و حکوومەتی داهاتووی عێراق حکوومەتێکی ئاڵۆزتر دەبێت. سێیەم هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش بکەین، نەهێشتنی داعش لە مووسڵ بە مانای کۆتایی داعش نایەت، بەڵکوو ئایدۆلۆژیا و هزری توندڕەویی داعش هێشتا هەر ماوە. بۆ زانیاریتان دوای ئازادکردنی مووسڵ، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی مووسڵ کە گەڕانەوە مووسڵ، دووبارە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەوە، بەهۆی نەبوونی ئاسایش و ئارامی لەو شارە“.










باسنيوز
Top