دوایین هەڵوێستی سەرۆکایەتیی تورکیا لەبارەی هێرشکردنە سەر عەفرین
رۆژی سێشەممە 20/2/2018، ئیبراهیم کالن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا، کە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، رێککەوتنی نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و رژێمی سووریا بۆ گەڕانەوەی هێزی رژێمی سووریا بۆ شارەکە، بۆ پروپاگەندەیە دژی تورکیا.
ئیبراهیم کالن هەروەها رایگەیاندووە، چەندین رێککەوتنی شاراوە لەنێوان یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان و رژێمی سووریادا هەیە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش داوە، کە هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر عەفرین بەردەوام دەبێت.
لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە یەپەگە عەفرین رادەستی رژێمی سووریا دەکاتەوە و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا لەنێوان وڵاتاندا بەم شێوەیە دابەش دەکرێنەوە:
- رژێمی سووریا بە هاوکاریی سوپای رووسیا و رەزامەندیی یەپەگە دەگەڕێتەوە عەفرین.
- هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا بە هاوبەشیی لە ناوچەی منبج بڵاو دەکرێنەوە، بۆ رێگریکردن لە یەپەگە لە پەڕینەوە بۆ رۆژئاوای رووباری فورات.
ئەو هەوڵانەی یەپەگە لەکاتێک دایە، لە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، رژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پەکەکە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرتووە.
رژێمی سووریا بە درێژایی داگیرکارییەکەی لە رۆژئاوای کوردستان، گەلی کوردستانی لە هەموو مافە سیاسی، ئابووریی و نەتەوەییەکانی بێبەش کرد بوو و زۆرینەی هاووڵاتییانی کورد لەو بەشەی کوردستان بێبەش کرابوون لە رەگەزنامە و هیچ پەڕاوێکی فەرمی.
باسنیوز
