عەلی عەونی: خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر جاشێتییان لەنێو کورد نوێ کردەوە
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕاگەیاند، خۆکاندیدکردنەوەی هەریەک لە ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید لەسەر لیستی عەرەبەکان لە بەغدا، ”ھیچ ناوێکی دیکەی نییە، تەنیا نوێکردنەوەی ئەو جاشایەتییە نەبێ کە لە مێژوودا لەنێو کورددا کەسانێک کردوویانە کە ڕەنگە ڕێبەرانیان بن، ھەروەھا ھانی جاشاییەتی دەدەن لەناو کۆمەڵگەدا“.
عەلی عەونی نەیشاردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەرچەندە جاشێتی لەنێو کورددا ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ”جاشێتییان نوێ کردەوە“. گوتیشی: ”ئەوانە لە مێژوودا نموونەیان کەم نەبووە، ھەروەھا ئەوەی کە ھەیە دەیانەوێت جاشێتی و خۆفرۆشیی بە شتێکی ئاسایی بکەن لە ناو کۆمەڵگەدا، بەڵام میللەتی ئێمەش هۆشیارە و دەزانێ کە بەرەی کوردستان لە کوێیە و بەرەی دوژمنیش لە کوێیە؟ ئەوەشی ھەیە، خەڵاتی داگیرکەرەکانە بۆ ئەو دوو نابرادەرە“.
سەرکردەکەی پارتی نایشارێتەوە کە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، ”ئەمە یەکەم خیانەتیاننییە، ئەوان 66ەوە خەریکی خیانەتن و 16ی ئۆکتۆبەریش نوێکردنەوەی ئەو خیانەتە بوو کە لە 66 کردیان“.
گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، بەو گرووپەی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی ئەو قسانەی سەرکردەکانی حزبەکە کردوویانە، لە ڕۆژی 16/10/2017 بە ڕێککەوتنێکی نهێنی و ژێر بەژێر، کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکەیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کرد و لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتیی کورد شەهید و بریندار بوون. هەر لە ئەنجامی ئەو خیانەتە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هەوڵی هێرشکردنە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی قووڵایی هەرێمی کوردستانیان دا، بەڵام لە داستانەکانی (پردێ، سحێلا و مەخموور)، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە توندی وەڵامیان دانەوە و ڕێگەیان نەدان پێشڕەویی زیاتر بکەن.
باسنیوز
