نێوانی یەکێتی و پەکەکە تێک دەچێت
سەرەتای تێکچوونی پەیوەندیی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنووری سلێمانی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی میتی تورکیا دەگەڕێتەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی پەکەکە دژی جەمیل بایک ئەنجامی داوە.
ئەوکات دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) باڵەکانی یەکێتیی بە هاوکاریکردنی تورکیا تۆمەتبار کرد، ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی نەک وەکوو هێڵە گشتییەکەی، بەڵام کەسانێکی ناو یەکێتی ئاگاداری پیلانەکە بوون.
ئێستاش لەدوای راگەیاندنی هاوپەیمانیەتیی نێوان گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردسان PKK لە سلێمانی و لیستەکەی شاسوار عەبدولواحید، میدیا و میدیاکارانی یەکێتی هێرشی توندیان بۆ سەر PKK دەست پێ کردووە و پێیان وایە ئەوانیش لە سلێمانی هاوشێوەی گۆڕان و لیستەکەی بەرهەم ساڵح و گرووپەکانی دیکە، چاویان لە میراتی یەکێتییە. بەڵام زانا عەبدولرەحمان، پەرلەمانتاری یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند: ”پەکەکە لەژیر ناوی جیاوازدا، پێشتریش لە هەڵبژاردنەکان بەشدارییان کردووە و نەیانتوانیوە دەنگێکی وەهایان هەبێت کاریگەریی هەبێت، ئەوەی ئێستاش کە هاوپەیمانیی کردووە، کاریگەریی لەسەر دەنگدەری یەکێتی نابێت“.
ئاماژەی بەوەش دا، دەنگدەر و جەماوەری یەکێتی، دوای جیابوونەوەی گۆڕان جێگیر بووە و بە ڕێژەی کەم رەنگە لە هەڵبژاردنەکان زیاد و کەمدا بکات.
هاوکات، کادیری یەکێتی، سامان سنجاوی، لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی چاودێری نزیک لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەژێر ناوی (پەكەكە و نەوەی نوێ كوجا مەرحەبا) بڵاوی کردووەتەوە، دوای پێشەکییەکی زۆری هاوکاریی یەکێتی بۆ پەکەکە، ئاماژەی بەوە داوە، یەكێتی لە نەخۆشكەوتنی مام و دوای كۆچی مام جەلال، كێشەكانی قووڵ بوونەتەوە، گۆڕانی لێ جیا بووەتەوە، ئێستاش بەرهەم ساڵح، لەناوەوە خوا دەیزانێ چی دەگوزەرێ، یەكێتی پێوستی بە دۆستەكانیەتی لە پارچەكانی تری كوردستان پشتیوانیی چارەسەركردنی كێشەكان و هەستانەوەی یەكێتی بن، نەك تیغ بخەنە سەر برینەكان و بەسوێی بهێنن.
ناوبراو نووسیویەتی: “پەكەكە، لەبری دۆستایەتی، نووكە رمێكی لە یەكێتی هەڵگرتووە، دەیەوێت لە هەڵبژاردنەكاندا بیخاتە سەر برینەكانی یەكێتی، چونكە ئەو رمەی پەكەكە هیچ كۆیان ناكاتەوە لەگەڵ بازرگانێكی لەپڕدا هەڵتۆقیو و خۆی لێ بووەتە حەزرەتی سلێمان، پەكەكەی چەپ و تەڤگەرەكەی لە باشوور، لەگەڵ سەرمایەدارێك، چی لە بیروباوەڕ، چی لە سیاسەت كۆیان دەكاتەوە؟! ئەوەی تەنیا كۆیان دەكاتەوە، تاك و تەنیا بەرژەوەندیی حزبییە، چونكە پەكەكە هەموو بەرژەوەندییە حزبییەكان لە سیاستی خۆی دەبینێت، پێی وایە ئەوەی پەكەكە بیكات تەنیا ئەوە سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەییە”!
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە پەكەكە، بەهەڵەدا دەچێت كە پێی وابێت، رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، وەك باكوور و رۆژئاوای كوردستانن.
لای خۆشیانەوە، سەرتیپ جەوهەر، میدیاکاری یەکێتی لە وتارێکیدا، کە لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و (کوردستانی نوێ)ی زمانحاڵی فەرمیی یەکێتی، لەژێر ناوی (چاكەی یەكێتی و وەڵامی ئەوان) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، یەکێتی هاوکاریی ماددی و لۆجستیی پەکەکە و پەیەدە دەکات و ئەوانیش لەگەڵ گرووپی نەیاردا دژایەتیی یەكێتی دەکەن.
ناوبراو نووسیویەتی: “ئەگەر پەکەکە قلەقلە دەنگدەرێكیان هەبێت لە باشوور، هاتوون لەگەڵ گرووپی دیكەی نەیار هاوپەیمانییان کردووە، لەپێناو دژایەتیكردنی یەكێتی، کە دەبوو كارێك بكەن، پێچەوانەی ئەم هەڵسوكەوتە بێت”، بەڵام د.فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسیی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو لایەنە پەکەکە نییە و تەڤگەری ئازادییە، گوتی: ”ئەو تەڤگەرە کە چەند ساڵێکە دامەزراوە، هەوڵی زۆری داوە کە مۆڵەتی کارکردنی هەبێت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام نەیدراوەتێ، ئێستا مۆڵەتەکەی لە عێراق بەدەست هێناوە، ئازادە لەوەی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ کێ و کام لایەنە بکات، ئەوە مافێکی سەرەتایی خۆیانە“.
ئاماژەی بەوەش دا، لەکاتێکدا کە پێدانی مۆڵەت پێیان بە ڕەوا نەبینراوە، ئەوە بۆ هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە گلەیی لە تەڤگەری ئازادی بکات.
گوتیشی: ”هەموو پێکهاتەیەک مافی خۆیەتی هەوڵی دەرچوونی خۆی بدات، ئەوە لەسەر حسابی ئەم لایەن و ئەو لایەن نییە، ئەوە مافێکە و دەبێت لایەنەکانی دیکە ئەوە بە ئاسایی ببینن“.
باسنیوز
