نێچیرڤان بارزانی و دیمستۆرا ڕه‌وشی سووریا و ناوچه‌كه‌یان خسته‌ به‌ر باسه‌وه‌

 	 نێچیرڤان بارزانی و دیمستۆرا ڕه‌وشی سووریا و ناوچه‌كه‌یان خسته‌ به‌ر باسه‌وه‌
له‌ دوادیداری دواڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه ١٨/٢/٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ستاففان دیمستۆرا نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ سووریا، كۆ بووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ڕه‌وشی ئاڵۆزی سووریا و دواپێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌كان به‌ شێوه‌ی ئاشتی، قۆناغی ئێستای كێشه‌كانی سووریا و كۆبوونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان و، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ گه‌لی سووریا به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌، باس كرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه‌ پێویسته‌ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و به‌تایبه‌ت له‌ سووریا، به‌ ئاشتی چاره‌ بكرێن و مافی هه‌موو گه‌لانی سووریا و گه‌لی كوردیش وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی ئه‌و وڵاته‌ دابین بكرێت.

تاووتوكردنی چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ سووریا به‌تایبه‌ت شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی عه‌فرین و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل له‌ ناوچه‌كه‌ و، خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ توندوتیژی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو ‌که د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تێیدا ئاماده‌ بوون
kdp-
Top