ڤاڵا فەرید: ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای چاكسازیی بۆ ‌سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز دەكرێتەوە

ڤاڵا فەرید: ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای چاكسازیی بۆ ‌سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز دەكرێتەوە
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، وەكوو لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان، ڕاپۆرتی كۆتاییان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەكانەوە ئامادە كردووە و، ئەمڕۆیش بۆ ‌سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز دەكرێتەوە.

پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە، رۆژی پێنجشەممە (3-1-2018) لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا و، بڕیارە لە پەرلەمانیش پەسەند بكرێت.

د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "دوێنێ یەكشەممە، لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەكان كۆتا كۆبوونەوەمان ئەنجام دا و، بەشێك لە بڕگە و ماددەكان هەموار كران و ڕاپۆرتی خۆمان ئامادە كرد، ئەمڕۆیش ئەو ڕاپۆرتە بۆ ‌سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز دەكرێتەوە".

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ، "چاوەڕێین سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ رۆژی چوارشەممە دانیشتنێك دیاری بكات بە مەبەستی گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە".

لە هەرێمی كوردستاندا حەوت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەن، بەڵام وەك ڤاڵا فەرید ئاماژەی دا‌، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی دەكرێنە یەك بەڕێوەبەرایەتی، كە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت .

پڕۆژەیاسای چاكسازیی خانەنشینی و مووچە و دەرماڵەكان، لە زیاتر لە 20 ماددە پێك هاتووە و بەسەر چەند سێكتەرێكدا دابەش بووە.
kdp-
Top