لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆ دەبنەوە

 	 لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆ دەبنەوە
ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕاستیی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە خورماتوو گوتی، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانی خۆیاندا ڕۆژی پێنجشەممە لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت کۆ دەبنەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورە دەکەن.

لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بە ھۆی کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ئەو قەزایەدا گرت و زیانی زۆری بە کوردەکانی ئەو ناوچانە گەیاند و ژمارەیەک بوونە قوربانی و ئەوانەی دیکەش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و بە ھەزاران خانووی ھاووڵاتیانیش سووتان و تەقێندرانەوە و تاڵان کران، بۆیە بۆ دەرکەوتنی ڕاستیی ئەو ڕوداوە پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی پێکھێناوە.

ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە خورماتوو، شوان شێخ ئەحمەد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە کۆبوونەوەی خۆمان وەکو لیژنە ئەنجام داوە و دواتریش سەردانی قایمقام و ئەنجومەن و خەڵکی خورماتوومان کردووە و قسەمان لەبارەی ڕووداوەکان لەگەڵیان کردووە و لێکۆڵینەوەکانیشمان بەردەوام دەبن تا دەگەینە ئەنجامێک و ڕاپۆرتێکی لەبارەوە ئامادە دەکەین."

شوان شێخ ئەحمەد گوتی: "بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت کۆ ببینەوە بۆ ئەوەی بزانین ھۆکاری کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لە خورماتوو چۆن بووە و بە بڕیاری وەزارەت بووە، یان نا، چونکە ئێمە دەمانەوێت ڕاستییەکان ڕوون ببنەوە و کێ فەرمانی کشانەوەی ھێزی پێشمەرگەی دەرکردووە."

شوان شێخ ئەحمەد گوتیشی: "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە کۆ دەبینەوە، کە کاتی خۆی لە سنووری خوماتوو ئەرکیان ھەبووە و دواتریش کشاونەتەوە."
kdp-
Top