بەرپرسێكی پارتی: جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ خۆدەرخستن سەردانی خورماتووی کردووە
ئەمڕۆ دووشەممە 19/2/2018، ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەحمەد عەبدوڵا جبووری، پارێزگاری سەڵاحەدین، سەردانی خورماتوویان كرد و لەنێو مزگەوتی كۆماری كۆبووەنەوەیان لەگەڵ بەشێك لە هاووڵاتییان ساز داوە.
لەم بارەیەوە، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خورماتوو، ڕایگەیاند: "سەردانەكەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و پارێزگاری سەڵاحەدین بۆ خۆدەرخستن بووە، بەتایبەت ئارام شێخ محەمەد لە پەرلەمانی عێراق تا ئێستا بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئێستای خورماتوو و تاوانەكانی حەشدی شەعبی دژ بە هاووڵاتییانی كورد، بەتایبەت دوای 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو نەیتوانیوە كار بكات بۆ ئەوەی لێژنەیەك لە پەرلەمانی عێراق بنێرن بۆ خورماتوو".
گوتیشی: "هاوكات ئەو سەردانە زیاتر بۆ ئەوەیە كەوا دەیانەوێت كوردەكانی خورماتوو بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەنگیان بۆ بدەن".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو". باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتیی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
(باسنیوز)
